هەرێمی كوردستان كاریگەرییەكی باش بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە دروست دەكات
رۆژی سێشەممە ٢١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، كۆتا ڕۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) بوو، كە لە پارێزگای دهۆك بەڕێوە چوو، ئەمەش بەئامانجی گفتوگۆ بۆ ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزینەوە و ڕێگهچارەی گونجاو بۆ كێشە و گرفتەكان لە ناوچەكەدا، كە لە چەندین تەوەردا بۆچوون و بیروڕای جیاوازی سەركردە و كەسایەتیی سیاسی و پسپۆڕانی بوارە جیاوازەكانی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی تیایدا خرایەڕوو.
لە ناوچەیەكی پشێودا هەرێمی كوردستان ئارامە
ئامادەبوویەكی كۆڕبەندەكە، فابریس بڵانش، لێکۆڵەر لە زانکۆی لیۆنی فەرەنسا بوو، ئەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی یەكەم جارە لەم كۆڕبەندەدا بەشدارە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "ئەم كۆڕبەندە گەشەیەكی زۆری كردووە، قسەكەران ئاستێكی زۆر بەرزیان هەیە، ئەمە جێی خۆشحاڵییە لەم ناوچە ئارامەدا كە هەرێمی كوردستانە، دیدارێكی ئاوا ئاست بەرز بەڕێوە دەچێت، ئاسایش لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی پشێوی و شەڕەوە زۆر خراپە، بەڵام جێی دڵخۆشییە هەرێمی كوردستان ئارام ماوەتەوە و بە هیوام ئارامتر بمێنێتەوە."
گرنگیی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە
د.عەبدوڵا باعبود، كە توێژەری بواری ناوچە ئیسلامییەکانە لە وڵاتی قەتەر و بەشداربوویەكی كۆڕبەندەكە بوو، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی گرنگی بۆ گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان هەڵگرتووە، بۆ چۆنییەتی چارەسەر و دۆزینەوەی ڕێگهی نوێ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیاندا، لێرەدا دۆزێكی گرنگ هەیە، كە دۆزی هەرێمی كوردستانە، ئەم هەنگاوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەنگە بۆ ئێستا كاریگەرییەكانیان زۆر نەبێت، بەڵام بۆ داهاتوو كاریگەرییەكی باش بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە دروست دەكەن."
ڕۆڵ و كاریگەریی هەرێمی كوردستان بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە
لەبارەی كۆڕبەندەكە و ڕۆڵ و كاریگەریی هەرێمی كوردستان بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە، د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ڕایگەیاند: "ئەمە یەكێكە لە خستنەڕووی ئەو بیروڕا جیاوازانە و سوودوەرگرتن لەو جۆرە بۆچوون و چارەسەرانە، كە لە كۆتاییدا هەرێمی كوردستان بەشێكە لەم ناوچەیە و بە پێویستی دەزانێت پەیوەندییەكانی زۆر توندوتۆڵ بكات لەگەڵ بڕیاردەرانی سیاسی لە وڵاتانی دراوسێی و بەتایبەت لە عێراقی فیدراڵ، چونكە هەرێمی كوردستان ڕۆڵ و كاریگەری هەیە لە ئاڵوگۆڕكردنەوەی بیروڕایەكان و دۆزینەوەی ئەو بۆچوونە هاوبەشەی گرنگە بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە."
ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ـــــی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست MEPS سەر بە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستی بەکارەکانی کرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری