Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات

رۆژی چوارشەممە، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی راژەی گشتی، راپۆرتێک سەبارەت  بە میلاکی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم دەخاتەڕوو.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیری داد و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردن.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی دا، دوو بابەت دەخرێنەڕوو سەبارەت بە جێبەجێ كردنی بڕگە و ماددەکانی یاسای چاکسازیی، کە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران پێشنیاز کراوە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری