Skip to the content

ئەو ئۆتۆمبێلانەی دووكەڵ دەكەن دەستیان بەسەردا دەگیرێت

بە پێی بڕیارێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، لە پارێزگای هەولێر دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا دەگیرێت كە دووكەڵ دەكەن و دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، دوامۆڵەتیش بۆ شۆفێران 20ـی تشرینی دووەمی 2023 دەبێت.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: " تێبینیی ئەوەمان كردووە بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان گاز و دووكەڵی ژەهراوی دەردەدەن، كە كاریگەرییان لەسەر ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان هەیە. بۆیە بڕیار درا تاكوو 20ـی تشرینی دووەمی 2023 مۆڵەت بدرێتە ئەو ئۆتۆمبێلانەی دووكەڵ دەكەن، تاكوو چارەسەری بكەن."
دەشڵێت: "لە دوای 20ی تشرینی دووەمی 2023، هەر شۆفێرێك كێشەی دووكەڵكردنی ئۆتۆمبێلەكەی چارەسەر نەكردبێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت و مەرجی پێدانەوەی ئۆتۆمبێلەكانیش چاككردنەوەیان و دڵنیابوونەوەیە لەوەی دووكەڵ ناكەن."
ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە ژێر ڕۆشناییی یاسای هاتوچۆ دراوە، كە پێویستە ئۆتۆمبێلەكان مەرجی توندوتۆڵییان تێدا بێت و بنەماكانی هاتوچۆ بپارێزن، گرنگترینیشیان پاراستنی ژینگەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، لەسەر بنەمای پارێزگاریی ژینگە و پاكوخاوێنیی هەوای شارەكان، دەیەوێت هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بە پێی پێوەرەكانی پاراستنی ژینگە بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕابردوودا چەندین بڕیاری جێبەجێ كردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری