Skip to the content

بارانبارین دەست پێ دەکاتەوە و لە هەولێریش زۆرترین بڕی باران باریوە

شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بە پێی پێشبینییەکانیش سبەی هەینی، ١٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
دوێنێ چوارشەممە، ١٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە؛ لە پارێزگای هەولێر ٣٠.٢ ملیم، سلێمانی ٩.١ ملیم، دهۆک ٠.٥ ملیم، کەرکووک ٢٧ ملیم و لە هەڵەبجە ٧ ملیم باریوە. لە قەزاکانیش بەرزترین ڕێژە بە ٣٢.٤ ملیم لە چەمچەماڵ بووە.
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "دوای دابارینەکەی چوارشەممە، ڕۆژی هەینی دووبارە شەپۆلێکی نوێی دابارین لەسەر هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە، بۆیە دووبارە بارانبارین دەست پێ دەکاتەو و پلەکانی گەرمی زیاتر دادەبەزن."
گوتیشی: "ڕۆژی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو ئەو کاریگەرییە کەم دەبێتەوە و کەش سەقامگیر دەبێت، ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە دووبارە بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری