Skip to the content

د. جوتیار عادل: هەرێمی کوردستان ڕۆڵی لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە

د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕایدەگەیەنێت: "هەرێمی کوردستان ڕۆڵی لە نزیککردنەوەی بیروڕاکان و ئاشتەوایی ناوچەکەدا هەیە و دەیەوێت بیروڕاکان لێک نزیک بکاتەوە."

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا پێشهاتی سیاسیی زۆر لەم ناوچەیەدا هەن، بە تایبەت لەم قۆناعەدا کە ڕووداوی سیاسیی گرنگ ڕوویان داوە، ئەم دەستپێشخەرییە بۆ خستنەڕووی بیروڕای جیاواز لەبارەی ئەم پێشهاتانەیە، کە بڕیاردەری سیاسی و ئەکادیمی و کەسانی شارەزا تێیدا بەشدارن."
گوتیشی: "بێگومان ئاڵوگۆڕکردنی ئەو بیروبۆچوونە جیاوازانە بۆ دەستخستنی تێڕوانینێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفت و پێشهاتە سیاسییانەیە کە لە ناوچەکەدا هەن، لە ھەمان کاتیشدا ئەمە پەیامێکە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەسپێشخەر بووە لە کۆکردنەوەی بیروڕای جیاواز، چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەم تێڕوانینەی کە پێویستە ئەمڕۆ شانبەشانی دامودەزگای جیاواز لەسەر ئاستی ئەم ناوچەیە دایڕێژن و ئامادەی بکەن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو پێشهاتانە و ئەو گرفت و قەیرانانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری