Skip to the content

داشكاندنی كرێی خوێندن بۆ ساڵی 2023-2024 بەردەوام دەبێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بڕیارێكیدا درێژەی بە داشكاندنی كرێی خوێندنی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان دا و لە هەمانكاتدا بۆ هاوكاریی قوتابیان، پێدانی یەكەم قیستی پێشوەختەی وەكوو مەرجی دەستپێكردنی خوێندن لابرد.

لەمبارەیەوە، عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بە ڕەچاوكردنی بار و گوزەرانی خانەوادەی قوتابیان لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەكوو ساڵانی ڕابردوو، بڕیاری داشكاندنی كرێی خوێندنی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان داوە؛ لە ساڵی خوێندنی 2023-2024، بۆ زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان داشكاندن لە 10% تا20% بۆ سەرجەم قۆناغەكان دەكرێت كە زیاتر لە 31 هەزار خوێندكار تێیدا سوودمەند دەبن. هەروەها داشكاندنی 45%ی كرێی خوێندن بۆ زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان بۆ خوێندنی پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت."
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی گوت: "بۆ ئاسانكاریی زیاتری خوێندكاران، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانی دەركردووە، لە وەرگرتنی قیستی كرێی خوێندن ئاسانكاری بكرێت؛ بەوەش قیستی یەكەمی خوێندن وەكوو مەرج، لە كاتی مامەڵەكانیان بۆ دەستكردن بە خوێندن دوابخرێت و بتوانن لە كاتێكی دیكەدا قیستەكەیان بدەن."
لە ساڵانی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم لە پێناو ئاسانكاریی خوێندن و بەردەوامبوونی زۆرترین قوتابی لە پرۆسەی خوێندندا، بەردەوام داشكاندنی لە خوێندنی زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكاندا كردووە. هەر لەو میانەدا لە مانگی ڕابردوودا لێخۆشبوونی 100%ی كرێی خوێندنی بۆ قوتابییە یەكەمە دانەمەزراوەكانی هەرێم دەركرد، كە دەست بە خوێندنی ماستەر دەكەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری