Skip to the content

سندووقی شیاندن دەكەوێتە كار و دۆخی تەندروستی و خزمەتگوزاریی خاوەنپێداویستییانی تایبەت و كورتەباڵایان بەرەوپێش دەبات

سندووقی شیاندن بۆ خزمەتكردنی خاوەنپێداویستییانی تایبەت بەمزووانە دەكەوێتە كار؛ ئامانجیش کۆکردنەوەى داهات و خەرجکردنەوەیەتى بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام وخاوەنپێداویستیی تایبەت و کورتەباڵایان تا بگەنە ئاستی بەرەوپێشچوون و شیاندنەوەی كۆمەڵایەتی.
هاودەم ئەنجوومەنێکیش بۆ بەڕێوەبردنی سندووقەکە پێک دێت، کە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان و خاوەنپێداویستیی تایبەت و کورتەباڵایانی تێدا دەبن و نەخشیان لە بڕیاردان لەبارەی بەڕێوەبردنی سندووقەكەوە دەبێت.
كوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "سندووقی شیاندن و چاودێریی كەمئەندامان لە یاسای ساڵی 2011 هاتووە و جێبەجێ نەكراوە، لەم كابینەیەدا پەیڕەوەكەی ئامادە كراوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران و بە واژووی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەسند كراوە؛ پاش ئەوەی ڕێنمایی بۆ دەردەچێت، لە شارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان چەند هەژمارێكی بانكی دەكرێتەوە، تاكوو هەركەسێك لە خێرخوازان و خاوەنكۆمپانیا و دەوڵەمەندەكان، كە دەیانەوێت هاوكاریی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان بكەن، بتوانن پارە بخەنە ناو ئەو سندووقە و دواتریش بەپێی پەیڕەو و بە چاودێری، بۆ خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانی ئەو توێژە خەرج بكرێتەوە."
ڕێوشوێنی كاركردنی سندووقی شیاندن لەلایەكەوە هاندەر دەبێت بۆ كۆكردنەوەی داهاتێكی فراوان بۆ ئەو توێژانە و لەلایەكی تریشەوە پرۆسەی هاوكاریكردنیان بە شێوەیەكی دامەزراوەیی و بەردەوام ڕێك دەخات و بواری گەندەڵی و خراپبەكارهێنانی داهاتی كۆبووەوە ناهێڵێت.
لەمبارەوە كوێستان محەممەد ئەوەشی گوت: "ئەوەی ئیدارەی سندووقەكە دەكات ئەنجوومەنی شیاندنە، جگە لە سەرپەرشتیی بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، نوێنەری خاوەنپێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان و چەندین وەزارەتی تێدایە، دواجاریش سندووقەكە دەكەوێتە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی داراییەوە؛ لە ئەگەری خەرجكردنی داهاتەكە بۆ مەبەستێكی جیاواز لە ئامانجی سندووقەكە، تووشی لێپرسینەوە دەبن."
لە 9ی ئابی 2023، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیار لەسەر دروستکردنی سندووقی شیاندن بۆ کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان درا، ئەمەش بۆ هاوکاریکردنی کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت كە بریتی دەبێت لە كۆكردنەوەی داهات و خەرجكردنەوەی لە بواری تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ ئەو توێژانە. ئەمەش یەكێكە لە بەرنامەكانی حكومەتی هەرێم، كە مەبەستی سەرەكیی گرنگیدانە بەم توێژە و پێدانەوەی ڕۆڵ و گرنگییان لە كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستاندا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری