Skip to the content

سێیەمین ڕۆژی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی لە هەولێر بە بەشداریی 210 کۆمپانیا بەڕێوە دەچێت

ڕۆژی سێیەمی پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت و تا ئێستاش ٢١ ملیۆن دۆلار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پێشانگەکەیە.
گۆران سەعد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەوبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لەو پێشانگەیەدا ٢١٠ کۆمپانیا لە ١٠ وڵاتەوە بەشدارن، ٣٨ کۆمپانیایان کوردستانی و عێراقین، ئەوانی تر کۆمپانیای چاینا، تورکیا، ئێران، پۆڵەندا، بەریتانیا، ئەڵمانی و وڵاتانی ترن. تا ڕێکەوتی ٢٠٢٣/١١/١٥، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کۆمپانیاکان ٢١ ملیۆن دۆلار بووە."
گوتیشی: "لەم سێ ڕۆژەدا ٧ هەزار سەردانیکەری ناوخۆیی و دەرەکی هەبووه‌. مەبەستی ئەم پێشانگه‌یە نزیککردنەوەی کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکییە بۆ ئاڵوگۆڕ و بەهێزکردنی ئابووری و کاری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان."
لەبارەی پشتیوانیی کابینەی نۆیەم بۆ ئەو چالاکییە بازرگانییە، گۆران سەعد گوتیشی: "هەموو ئەو پێشانگەیانەی لێرە دەکرێنەوە، بە پاڵپشتیی کابینەی نۆیەم و سەرۆکوەزیران دەکرێت، کە خۆیشی سەردانی پێشانگەکەی کردووە و گرنگی پێ داوە. لەم سۆنگەوە ساڵانە دوو پێشانگەی بیناسازی دەکەینەوە."

لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بەبازاڕکردن و هەماهەنگیی بازرگانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گەشەی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێشانگەی گەورە و کۆکەرەوە لەو بوارانەدا ڕێک دەخرێن، کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تەکنیکی لەو بوارەدا پێش دەخەن.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری