Skip to the content

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دووەم ڕۆژی چالاكییەكانی لە كۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئیمارات بەڕێوە برد

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ئیمارات، بۆ دووەم ڕۆژ لە كۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ژێر پەیامی "ڕوانگەیەكی نوێ، بۆ داهاتوویەكی گەشتر" چالاكییەكانی نواند و پەیوەندیی نوێی لەگەڵ چەندین میدیای فەرمی و نافەرمیی جیهانی گرێ دا.
سەعد ھەورامی، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە كۆنگرەكەدا ڕایگەیاند: "كۆنگرەی جیهانیی میدیا، ساڵانە لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوە دەچێت و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت؛ کۆنگرەكە تیشک دەخاتە سەر بواری میدیایی و داهاتووی میدیا و ژیریی دەستکرد و ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و چەند بابەتێکی دیکە. ئەمساڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە بەشدارییەکی چالاکانەی ھەبووە و توانیویەتی دەرەفەتەکە بۆ پەیوەندییەکی باش لە گەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە بەكار بهێنێت."
كۆنگرەی جیهانیی میدیا دیدارێكی گشتیی بواری میدیایە و ساڵانە بە بەشداریی سەدان ناوەند و ئاژانس و دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی و نافەرمی، لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوە دەچێت؛ دەبێتە سەكۆیەك بۆ پەیوەندیگرتن و گفتوگۆی بواری میدیایی و ئاڵوگۆڕكردنی دواگۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی میدیا.
ئەمەل سەعدوون، کچەڕۆژنامەنووسی عێراقی لە ئیمارات، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "ئامادەیی ئەمڕۆم وەکوو نیشتەجێیەکی ئیمارات لە كۆنگرەی جیهانیی میدیا، نوێنەرایەتییە لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق. ئەمەش ئامادەییەكە بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەموو عێراقییەك و هەموو كوردێك كە لە ئیمارات نیشتەجێن. بوونمان لەم کۆنگرەیەدا گواستنەوەی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و بەخشینی وێنەیەكە لەوبارەیەوە بە جیهان. سوپاسی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەو بوونە گرنگ و باشەیان و لاوەکانیان كە لێرەن، بۆ گواستنەوەی وێنەی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ جیهان."
دووەمین كۆنگرەی جیهانیی میدیا بۆ ساڵی 2023، لە ڕێكەوتی 14ی تشرینی دووەم تاوەکوو 16ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوە دەچێت و 5 هەزار و 541 نوێنەری جیا و زیاتر لە 200 كۆمپانیای میدیایی جیهان و 170 قسەكەری سەرەكی بەشداری تێدا دەكەن و زیاتر لە 30 پانێڵ و كۆڕی سەركردایەتیی میدیایی تێدا بەڕێوە دەچێت. هاوكات 14 هەزار كەسی میدیاكار و دیپلۆمات و پێشەنگانی كاروباری میدیایی لە سەرجەمی جیهانەوە تێیدا بەشدارن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری