فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە كۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئەبووزەبی دەیان چالاكی و گفتوگۆی لەگەڵ ڕاگەیاندنی جیهانیدا كرد
لە سێیەمین ڕۆژی دووەم كۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئیمارات ١٤ تشرینی دووەم تا ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فەرمانگەی میدیا و زانیاری، وەكوو نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەی بە چالاكی و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕە میدیاییەكانی دا و د.جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیارییش دەڵێت: "پەیوەندییە فەرمی و نافەرمییەكانمان لەگەڵ دەزگا و ئاژانسە میدیاییەكانی جیهان بەهێزتر كرد."
دووەمین كۆنگرەی جیهانیی میدیا بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوە چوو و ٥ هەزار و ٥٤١ نوێنەر و زیاتر لە ٢٠٠ كۆمپانیای میدیاییی جیهان و ١٧٠ قسەكەری سەرەكی بەشدارییان تێدا كرد و زیاتر لە ٣٠ پانێڵ و كۆڕی سەركردایەتیی میدیایی تێدا بەڕێوە چوو.
د. جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەبارەی بەشداریكردنیان و نوێنەرایەتیكردنی حكومەتی هەرێم لەو كۆنگرە جیهانییەدا، ڕایگەیاند:" لەسەر بانگهێشتی ڕێكخەرانی ئەم كۆنگرەیە، بەشداریمان كردووە، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی ئیمارات و كەرتی ڕاگەیاندنی فەرمی و ئاڵوگۆڕی شارەزاییی دوولایەنە لەوبارەیەوە. لە هەمان كاتدا چەند دیدارێكمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كردووە، بۆ زیاتر ناساندنی كوردستان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری، وە گەیاندنی ئەو پەیامەی كە ئەم ڕاگەیاندنەی حكومەتی هەرێم تاكە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاریی فەرمیی حكومەتی هەرێمە."
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژێر پەیامی "ڕوانگەیەكی نوێ، بۆ داهاتوویەكی گەشتر" چالاكییەكانی لەم كۆنگرەیەدا نواندووە و پەیوەندیی نوێی لەگەڵ چەندین میدیای جیهانی گرێ داوە، تاكوو ببێتە هۆی بونیاتنانی پەیوەندییەكی گشتی و نوێ لەپێناو بەهێزكردنی دیپلۆماسییەتی میدیاییدا.
پاوڵ مارسزالیك، سەرۆكی پەیوەندییەكان و ستراتیژی میدیا لە ئاژانسی جیهانیی ئەمەریكی، كە لە كۆنگرەكەدا ئامادە بووە و چاوی بە نوێنەرانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری كەوتووە، ڕایگەیاند: "خۆشحاڵ بووم كە نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانم لە كۆنگرەی جیهانیی میدیا لە ئەبووزەبی بینی، وە چونكە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی گرنگە بۆ ئێمە، بەشی پەخشی هەواڵمان بە زمانی كوردی هەیە؛ لەگەڵ نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی باشمان لەسەر ژینگەی میدیایی و ئایندەی میدیا كرد. پێمان وایە بەشێك لەو كێشانەی لە جیهاندا بە كوردستانیشەوە هەن، ئەوەیە هەندێك كات قورسە هەواڵ بگەیەنرێتە دەرەوە و بەجیهانی بكرێت، بۆیە ئەم كۆنگرەیە دەرفەتێكی سەرنجڕاكێشی پێشكەوتنە."
كۆنگرەی جیهانیی میدیا بۆنەیەكی گرنگی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی میدیاییە لەسەر پرسە گرنگەكانی پەیوەست بەو بوارە. ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە، ئامادەییەكی كارای لەم كۆنگرەیەدا هەبوو و لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەیان دیدار و گفتوگۆ و كۆبوونەوەی لەگەڵ میدیا فەرمی و نافەرمییە هەرێمی و جیهانییەكاندا بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی میدیایی و پێشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان كرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری