فەرمانگەی میدیا و زانیاری و یونسکۆ کۆمەڵێک پرۆژەی ھاوبەشی میدیایی و ھۆشیاری ئەنجام دەدەن
ڕۆژی دووشەممە، ٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی د.جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و نوێنەران و پلەدارانی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەرانی ڕێكخراوی یونسكۆ، لەبارەی زیاتر بەرەوپێشبردن و بەپیشەییکردنی پەیوەندییەكانی نێوان میدیاكاران و كارمەندانی ئەمنیی حكومی كۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێک تاووتوێ کران، کە کاریگەرییان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان میدیاكاران و لایەنی ئەمنی و چۆنییەتی مامەڵەكردنی دروست لە نێوانیاندا دەبێت.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر باشتركردنی کار و کاردانەوەی كارمەندانی پۆلیس و ئاسایش بەرامبەر بە میدیاكاران و پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و ئیتیكی چۆنییەتی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەكانیش لەلایەن میدیاكارانەوە باسێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە، كە لە نێوان فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ڕێكخراوی یونسكۆ هەماهەنگی هەبێت، تا زیاتر و بەشێوەیەكی جیهانی و ستاندارد پەرە بە لایەنی میدیایی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان بدرێت؛ ئەوەش لە ڕێگەی ڕاھێنان و خولی هۆشیارییەوە بۆ كارمەندانی ئەمنی بە مەبەستی باشتركردنی مامەڵەكردنیان لەگەڵ میدیاكاران، لە پێناو پاراستنی ئەو كەشە دیموكراسی و ئازادانەی لە هەرێمی كوردستان وەك نموونەی ناوچەكە دەركەوتووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری