Skip to the content

لە ساڵی ئاییندەوە کۆنترۆڵی زنجیرەیی دەرمان و کارتی تەندروستیی هاووڵاتییان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم، بە هەماهەنگیی ڕێکخراوەکانی تەندروستیی جیهانی و یونسئێف، پلانی بەئەلیکترۆنیکردنی ژێرخانی کەرتی تەندروستی جێبەجێ دەکات و ورۆکشۆپێکی دووڕۆژەی بۆ بەستووە.

ئەم گۆڕانکارییانە دەبنە هۆی ئەوەی دەرمان لە کارگەوە تاکوو نەخۆش، بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەلیکترۆنی و هەموو هاووڵاتییەکیش ناسنامە و هەژماری تەندروستیی خۆی هەبێت، کە تێیدا پاشخانی دۆخی تەندروستی تۆمار دەکرێت و دەبێتە بنەمایەکیش بۆ دابینکردنی بیمەی تەندروستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ئاییندەدا.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: "هەنگاوی باشمان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کەرتی تەندروستی ناوە، ئەمەش ڕوونی و کارایی زیاد دەکات و گەندەڵی و نادادیی کۆمەڵایەتی کەم دەکاتەوە، زیاتر لەوەش خاوەن داتای ڕوون دەبین و گەندەڵی ڕێی لێ دەگیرێت؛ لە ساڵی ئاییندەوە جووڵەی زنجیرەیی دەرمان لە کارگەوە تا نەخۆش بە ئەلیکترۆنی دەخەینە ژێر چاودێرییەوە و کارتی تەندروستیی نەخۆش دروست دەکەین".

پەیوەست بەم باسە، د. وائیل حەتائیت، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "دەمێكە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە. لەم ڕووەوە هاوكارییەكی باشی تەكنیكیی وەزارەتی تەندروستی و چەندلایەنێكی ژێرخانی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان كردووە. لە هەنگاوی داهاتووشدا سەرنجمان لەسەر هاوكاری و پشتیوانیی تەكنیكی دەبێت. وەكوو ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕێچكە و ڕێكارێک کە بۆ وڵاتانی دیکە گرتوومانەتە بەر، بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان جێبەجێی دەکەین."

بەئەلیکترۆنیکردنی کایە و بوارەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا، ئامانجێکی سەرەکیی حکومەتی هەرێمە و بۆ ئەو بوارەش پرۆسەکان بە قۆناغ بەردەوامن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری