Skip to the content

لە ساڵی نوێوە ڕێگە نادرێت هیچ دەرمانێك بە بێ ستیكەر لە بازاڕدا بفرۆشرێت

ئامێری پشكنینی كوالێتی و نرخی ڕاستەقینەی دەرمان، لە زۆرینەی دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان دانراوە كە بە هۆیەوە ئاسانكاری لە ناسینەوەی دەرمانی ساختە و نرخی نایاسایی دەكات، بەڕێوەبەری کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمانیش دەڵێت: "لە ساڵی نوێوە هیچ دەرمانێك نابێت بە بێ ستیكەری فەرمی لە بازاڕدا هەبێت."

هاووڵاتیی سەباح شەمسەدین، دوای ئەوەی هاتووەتە دەرمانخانەیەک و دەرمان بۆ کچە بچووکەکەی دەکڕێت، هەرچەندە ئەم دەرمانەی کڕیویەتی ستیکەری نوێی پێوەیە، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە، لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە دەیپشکنێت. ئەو بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "ئەم سیستەمە زۆر سەركەوتووە و دڵنیاییمان دەداتێ لە كوالێتیی دەرمانەكە و لەوەی بە ڕێگەیەكی یاسایی هاتوونەتە بازاڕەوە، بۆیە ئەم ئامێرە زۆر بە سوودە."

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، لە کەرتی تەندروستی بەردەوامن و بۆ ڕێگریکردن لە ساخکردنەوەی دەرمانی ساختە و کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی، ستیکەری نوێ لە سەرجەم ئەو دەرمانانە دەدات لە دەرمانخانەکان دەفرۆشرێن.

ئێستا زیاتر لە ١٤ هەزار جۆری دەرمان، ستیکەری نوێیان پێوەیە، بەمەش هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانییانەوە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، پشکنین بۆ کۆمپانیای هاوردەکار و کوالێتی و نرخی دەرمانەکە بکەن. هەروەها کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان هێڵێکی گەرمی داناوە، نەخۆش دەتوانێت لە هەر كاریگەرییەكی خراپی دەرمانەکە ئاگاداریان بکاتەوە و ئەوانیش بەدواداچوون دەکەن.

د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: ئێستا خۆشبەختانە لە تواناماندایە دەرمانەكان هەموویان لە كاتی خۆیاندا دەربچن و ستیكەریان پێوە بێت، كۆمپانیاكانمان ئاگادار كردوونەتەوە، لە ساڵی نوێوە كۆتامۆڵەتیانە، نابێت هیچ دەرمانێك بێ ئەو ستیكەرە لە ناو بازاڕەكانی كوردستان بفرۆشرێت."

هەر کۆمپانیا، کۆگا و دەرمانخانەیەک پابەندی ستیکەری نوێی دەرمان نەبێت دوو ملیۆن تاکوو ١٠ ملیۆن دینار بە پێبژاردن سزا دەدرێت؛ هەروەها تاکوو ساڵی نوێ، دەبێت ٣٩٠ کۆمپانیای هاوردەکاری دەرمان، ١٤٧ کۆگا و ١٧٨٢ دەرمانخانە، پابەندی ئەم بڕیارە بن.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری