Skip to the content

لە ناحیەی دینارتە بنکەیەکی گەورەی تەندروستی لە دروستکردندایە

لە درێژەی پرۆژەکانی حکومەتی هەرێم، لە ناحیەی دینارتەی پارێزگای دهۆک، بنکەیەکی نوێی تەندروستی دروست دەکرێت و ئیدی کێشەی نەبوونی دەرمان و پزیشک چارەسەر دەکات.

بنکەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە کارەکانی دەستی پێ کردووە، بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت. ئێستا ٤٠٪ـی کارەکانی تەواو بووە و ژمارەیەک هەلیکاریشی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە ڕەخساندووە.

سروور موسلیح مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی دینارتە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بنکەکە لە جۆری ئەیە و گەورەترین جۆری بنکەی تەندروستییە؛ باڵەخانەکەی گەورەیە و سوودی زۆر بە چارەخوازان دەگەیەنێت."

دروستکردنی ئەو بنکە نوێیە، سوودێکی زۆر بە دانیشتووانی ناحیەی دینارتە و گوندەکانی دەوروبەری دەگەیەنێت، بەمەش پێویست ناکات هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بچنە نەخۆشخانەکانی دیکەی ناوچەکە.

هاووڵاتییەک لە دینارتە، لەوبارەیەوە گوتی: "زۆر دڵخۆشین بە دروستکردنی ئەو بنکە تەندروستییەی لە ناوچەکەمان دەکرێت، لە هەمان کاتدا ئەم پرۆژە هەلیکاری ڕاستەوخۆی بۆ زۆرکەس ڕەخساندووە."

بنکەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە و گرنگترینیان بەشی لەدایکبوون، ددان، تیشک و سۆنارە کە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییانی ناحیەکە و دەوروبەری دەکات.

هاووڵاتییەکی دیکە لەوبارەوە گوتی: "تا ئێستا نەخۆشەکانمان بردووەتە ئاکرێ یان بلێ، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم بنکەیە، هەر لە دینارتە نەخۆشەکانمان چارەسەر دەکرێن."

کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تەندروستی دەدات و هەوڵەکانیشی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو کەرتە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆڕایی بۆ هاووڵاتییان بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری