Skip to the content

هەرێمی كوردستان خۆی بۆ پێشوازیكردن لە سەدان هەزار گەشتیاری زستانە ئامادە كردووە

هەرێمی كوردستان خۆی بۆ ئامادەكارییەكانی گەشتیاریی زستانە ئامادە كردووە و بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، پێشبینی دەكات بۆ زستانی 2023-2024 ڕێژەی گەشتیارانی زستانە بەرزتر ببێتەوە.

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی گەشتیاری  لە دەستەی گەشتوگوزار، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی كابینەی نۆیەمی حكومەت، ئامادەكاریمان كردووە ڕێژەیەكی بەرزی گەشتیارانی زستانە بۆ هەرێمی كوردستان ڕابكێشین، لەم ڕووەوەش لە وەرزی سەرما و بەفربارین، گرنگیمان بە چەندین شوێنی گەشتیاری وەكوو چیای گارە و پێنجوێن و كۆڕەك و پرژە و سەكران داوە، كە ناوچەی بەفراویین و چالاكی و سەركێشیی خلیسكێنە و پاراگلایدیان تێدا دەكرێت."

گوتیشی:"بە هۆی ئەو گرنگیپێدانەوە، پێشبینی دەكەین كۆی گەشتیارانی ساڵی 2023 بگاتە 8 ملیۆن گەشتیار و ساڵانی ئاییندەش زیاتر بێت."

جێی باسە تا كۆتایی مانگی ئایاری 2023، نزیكەی 5 ملیۆن گەشتیاری هاوینە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە. 25%ی ئەو گەشتیارانە بیانی بوون. پلانی حكومەتیش بۆ پەرەپێدانی بواری گەشتیاری ئەوەیە، تاكوو ساڵی 2030 ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان بگاتە 20 ملیۆن كەس.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری