Skip to the content

پرۆژەی چاندنی ملیۆنێك داربەڕوو لە هەولێر لە جێبەجێكردندایە

ملیۆنێك داربەڕوو لە شاری هەولێر لە ماوەی 5 ساڵدا دەچێنرێت و تاكوو ئێستاش 300 هەزار نەمامی لێ چێنراوە.
پرۆژەی چاندنی ملیۆنێك داربەڕوو لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر جێبەجێ دەكرێت، كە تا ئێستا 300 هەزاری لێ چێنراوە، ئاودانەكەشی لەسەر ئاوی پاككراوەی گەڕەكەكان دەبێت.
گەشبین ئیدریس، سەرپەرشتیاری پرۆژەكە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پشتیوانی و سەرپەرشتیی پرۆژەكە دەكات. پرۆژەكە دەتوانێت هۆكارێك بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و پاككردنەوەی هەوای شاری هەولێر."
محەممەد یوسف، ئەندازیارێكی پرۆژەكە، گوتی: "تۆوی داربەڕووەكان لە چیاكانی كوردستانەوە دەهێنرێن، بە شێوەیەكی زانستی دەچێنرێن و پەروەردە دەكرێن، بە چاودێرییەوە سەرپەرشتی دەكرێن، تا بەرامبەر گەرمی و بێئاوی خۆڕاگر دەبن."
داربەڕووەکان بە سیستەمی ڕیسایکلین ئاو دەدرێن و بۆ ئەمەش ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی هەولێر بەکار دەهێنرێنەوە، ئەمە جگە لەوەی بۆ کارەبای پرۆژەکە، سوود لە تیشکی خۆر وەردەگیرێت.
شەیما فرامەرز، ئەندازیارێكی دیكەی پرۆژەكەیە، لەبارەی ئەم سیستەمی ئاودانەوە گوتی: "لەم سیستەمە پێشكەوتووەدا ڕۆژانە دەتوانین 300 مەتر سێجا تاكوو 340 مەتر سێجا ئاوی ئاودان بەرهەم بهێنین."
داربەڕوو یەكێكە لەو ڕووەكانەی توانایەكی بەرزی لە پاككردنەوەی ئاو و هەوا و خاكدا هەیە و بە هۆی ڕەگداكوتانی قووڵیشییەوە، پتەویی خاك دەپارێزێت. داربەڕوو خۆیشی دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی خۆراكی باڵندەكان، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەیان. بە گشتی داربەڕوو تەمەنی زۆری هەیە و هەندێ جۆریان دەگەنە 500 – 2000 ساڵ.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا لە هەوڵی بەردەوامدایە. پەیوەست بەو پرسە، لە ڕاپۆرتەهەواڵێكی دیكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا، عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، "لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوادا، هەرێمی كوردستان بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، 7 هەنگاوی گرنگی ناوە و پێش عێراق كەوتووەتەوە."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری