وەزارەتی تەندروستی ڕەتی کردەوە کرێ خرابێتە سەر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن
![](/media/22852/img_20231017_121411_196.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133420076640000000)
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەنگۆی وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر خزمەتگوزاریی گواستنەوەى نەخۆش بە ئەمبوڵانس ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "هەواڵەکە ڕاست نییە".
د. سەرکار سورچی، گوتەبێژى وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە: "لە یەكێك لە دیجیتاڵمیدیاکانی هەرێمی کوردستان، هەواڵێكی چەواشەكارانە و دوور لە ئیتیکی میدیایی بڵاو كراوەتەوە کە گوایە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بووە بە پارە و نرخی بۆ دانراوە، هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن بە شەو و بە ڕۆژ و لە هەموو هەفتەدا بێبەرانبەرە."
ئەوەشی گوتووە: "سەرباری ئەوەش، بە پێی ڕێنماییەكی وەزارەتى تەندروستی ڕێگە دەگیرێت لە قۆستنەوە و قۆرخكاری لە نرخی گواستنەوەی نەخۆش لە لایەن ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی كەرتی تایبەت (ئەمبوڵانسی ئەهلی) و نرخەكان بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان كەم كراونەتەوە و یەك خراون."
فەرمانگەى میدیا و زانیاری