Skip to the content

ئەمساڵ ٢١ هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگاى دهۆک بە برنج چێنراوە

ئەمساڵ نزیکەی ٢١ هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای دهۆک کراوەتەوە برنج و پێشبینی دەکرێت ٢٣ هەزار تۆن برنجی لێ بەرهەم بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربارى پشتیوانیکردنی بووژاندنەوەى کشتوکاڵی، پلانی بەبازاڕ کردنی بەرهەمی برنجیشی هەبووە، هەناردەکردنی برنج وای کردووە بازاڕی برنج خۆش بێت و نرخی برنجی تا ڕاددەیەکی باش لە بەرژەوەندیی جووتیاران بەرز کردووەتەوە.

هاوکات، سیستەمی ئاودێریی برنج، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی گەشەى ئەو کەرتە، و بەرنامەی کابیەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان ئەوە بووە ئاوی سەرزەوی بەکار بهێنێت و ئاوی ژێرزەوی بپارێزرێت، ئەوەش بە بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتووی ئاودێری و دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان.

عەزیز محەمەد، جووتیارە و دەڵێت: "پلانی کابینەی نۆیەم زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیە و لەم پێناوەشدا پاڵپشتیی ئێمەی جووتیارانی کردووە. ئەمساڵ لە پارێزگاى دهۆک، ٢١ هەزار دۆنم زەوی بە برنج چێنراون و چاوەڕوانیش دەکرێت ٢٣ هەزار تۆن برنجی کوردی بەرهەم بهێنرێت."
ئەو جووتیارە ئەوەشی گوت: "برنجی ئاکرێ زۆر باشە و خواستێکی زۆری لەسەرە، برنجێکی زۆر جوانە. چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە: شەشمەهی، پێنجمەهی کەسنەدیتی، سێمەهی، تەحالوف، میسری، سەدری وعەنبەری و باشترین جۆریشیان شەشمەهی و کەسنەدیتییە؛ کارگەیەک لە ئاکرێ دامەزراوە کە کارگەیەکی باشە و برنج هەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش بازاڕی برنجی گەرم کردووە."

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و بازاڕسازییش بۆ بەرهەمی جووتیاران دەکات، ئەمەش وای کردووە بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتر بێت و پاڵپشتیی خواستی ناوخۆ بکات، بە پێی زانیارییەکان، هەرێمی کوردستان بۆ خۆبژێوی، پێویستیی بە ٣٠٠ هەزار تۆن برنج لە ساڵێکدا دەبێت."

برنج خۆراکی سەرەکیی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاییە. لە ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ نزیکەى ٥١٧ ملیۆن تۆن برنج لە سەرانسەرى جیهان خوراوە. برنجی کوردستانیش، بە باشترین جۆری برنج لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دادەنرێت و خواردنی ڕۆژانەى کوردستانیانە. کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی زۆرى بەو بەرهەمە داوە و پلان هەیە خۆبژێویی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە و زیاتر ڕەوانەى دەرەوە بکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری