Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی پرسی وردبینیکردنی ژمارەى مووچەخۆرانی هەرێم و دەستپێکردنەوەى ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى بەندەرى جەیهانەوە دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا دواهەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی وردبینیکردنی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵی و هەرێم دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەکانی ئەم پرسە لە نێوان عێراق و تورکیا باس و گفتوگۆی لێوە دەکرێت.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕەوشی پێكهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری