بانکێکی نوێ بەشداری لە پرۆژەی ھەژماری من دەکات
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بانکی نیشتمانیی عێراق (NBI) دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی ‘هەژماری من’ دەکات.
بەمەش کۆی ژمارەی بانکە بەشداربووەکان دەبێتە پێنج بانک، ئەوانیش بریتین لە بانکەکانی (Ashur، BBAC، Cihan وRT و NBI).
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی بانکی زیاتر لە بەردەم هاووڵاتییان کە بەرهەم و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ بەشداربووان، سوودمەندبووان و مووچەخۆران پێشکەش دەکات، هەروەها هەنگاوێکە بۆ پەرەپێدانی کێبڕکێیەکی تەندروست لە کەرتی بانکی و خزمەتگوزارییە داراییەکانی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوە و بەرچاوڕوونی لەسەر ئۆفەر و رسوماتەکانی ئەو بانکانە بەردەوام دەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات کە هاوبەشی لەگەڵ بانکی NBI و بانکەکانی دیکە بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان و بانکی زیاتر بەشداری لە پرۆژەی ‘هەژماری من’ بکەن.
بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی پرۆژەی ‘هەژماری من’ سەردانی ئەم بەستەرە بکە: www.myaccount.gov.krd
فەرمانگەی میدیا و زانیاری