Skip to the content

بە بەشداریی مەسرور بارزانی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان بەڕێوە دەچێت

کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بە بەشدارىى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پەیوەست بەو پرسە بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژى یەکشەممە، ١٥ـى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە شارى هەولێر کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەست پێ دەکات. کە تێیدا بە هاوبەشیی دامودەزگە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەندە دەرەکییەکان، پرسی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان تاووتوێ دەکرێت و چارەسەرى هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەى دەخرێتە ڕوو.
لە کۆنفرانسەکەدا کە نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی دەکات، پانێڵەکانی ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان، ڕۆڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە لە ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان، بە بەشداریی لایەنی حکومەتی و نوێنەرانی دەرەکی و ڕێکخراوەکان پێشکەش دەکرێن.
ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسه‌كه‌ بریتییە لە لێکۆڵینەوەى وردی پرسی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و هاوکاریکردنی حکومەت لە بەهێزترکردنی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەى ئەو ماددانە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری