Skip to the content

بە جێبەجێکردنی ٥١٤ پڕۆژەی ئاژەڵداری و پەلەوەری ٦٠ هەزار هەلی کار ڕەخسێندراوە

کەرتی كشتوكاڵ و سامانى ئاژه‌ڵ و پەلەوەریی کوردستان، کە تەوەرێکی گرنگی گەشەى کشتوکاڵی و ئابووریی وڵاتە، گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هەوڵەکانیش بۆ بەرزتربوونەوەى ڕەوتی ئەو گەشەکردنە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەردەوامیی هەیە. پەیوەست بەم پرسە، لە هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە دوو هەزار پڕۆژەی تایبەت بە سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر بە سەرمایەی ملیارێک دۆلار هەن، کە نزیکەی ٦٠ هەزار هەلی کاریان ڕەخساندووە.
پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، ١١ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەبوون و ئێستا ژمارەی پڕۆژەکان بەرزبووەتەوە بۆ ٣٩ پڕۆژە و ژمارەی پڕۆژەکان ٢٦٦% زیادی کردووە، توانای بەرهەمهێنانیش ١٤٩% زیادی کردووە.
بەر لەم کابینەیە، ڕۆژانە تەنیا توانای بەرهەمهێنانی سێ بۆ چوار هەزار کارتۆن هێلکە هەبووە، ئێستا توانای بەرهەمهێنان بۆ ١٤ هەزار کارتۆن لە ڕۆژێکدا بەرز بووەتەوە. بەرهەمهێنانی هێلکە لە خۆبژێوی زیاترە، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە تەنیا ٧ هەزار کارتۆن هێلکە هەیە و بڕی بەرهەمی زیادە لە ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکرێنەوە.
لە گۆشتی مریشکدا، پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، هەزار و ٥١٠ پڕۆژە هەبوون، ئێستا ژمارەی ئەو پڕۆژانە بۆ هەزار و ٩٠٨ پڕۆژە بەرز بووەتەوە و توانای بەرهەمهێنان ساڵانە لە ١٣٥ هەزار تۆنەوە بۆ ٢٦٥ هەزار تۆن بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە ١٤٧ هەزار تۆنە، بە هەمان شێوەش بڕی بەرهەمی زیادە ڕەوانەی ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.
لە بابەتی پڕۆژەکانی مانگای شیردەریشدا، پێش کابینەی نۆیەم لە هەرێمی کوردستان ٧٣ پڕۆژەی مانگای شیر هەبووە، ئێستا ژمارەی پڕۆژەکان بۆ ٨٨ پڕۆژە بەرز بوونەتەوە و توانای بەرهەمهێنانیش ٧٨% زیادی کردووە، پێشتر توانای بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆژانەی کە هەبوون، تەنیا ٨ هەزار سەر بوون، ئێستا وزەی بەرهەمهێنان بۆ ١٤ هەزار سەر بەرزبووەتەوە.
لە پڕۆژەی دابەستنی گۆلکدا، پێشتر ٦٥ پڕۆژە هەبوون، ئێستا ژمارەی پڕۆژەکان بۆ ١٠٣ پڕۆژەی دابەستنی گۆلک بەرز بووەتەوە و توانای بەرهەمهێنانیش لە ٢١ هەزارەوە بۆ ٩٨ هەزار سەر بەرزبووەتەوە، واتە ٣٥٥% زیادی کردووە.
کارگەکانی ئالیک لە هەرێمی کوردستان ٣٥ کارگە بوون، ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ ٤٢ کارگە بەرز بووەتەوە و توانای بەرهەمهێنانیش لە ٥٤٢ تۆن لە کاتژمێرێکدا بۆ ٩٣٢ تۆن بەرهەم بەرزبووەتەوە، بەوەش بەرهەمهێنانی کارگەکانی ئالیک بە ڕێژەی لە ٧٨% بەرز بووەتەوە.
لە بواری هەلیکاردا ئەم پڕۆژانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ توانای دابینکردنی نزیکەی ٦٠ هەزار هەلی کاریان هەیە، ئەو گوژمە و سەرمایەی لەو کایەدا بەگەڕ خراوە، بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "ستراتیژ و پلانی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی کشتوکاڵ ئەوەیە بە ئاسانی هەموو بەرهەمەکان لە بازاڕەکانی ناوخۆ و عێراق ساغ ببێتەوە، هەروەها کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕ لە وڵاتانی تر دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کارکردنی بۆ سەرپێخستنی کارگە و پڕۆژەی تازە بۆ بە پیشەسازیکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەردەوام دەبێت."
گوتیشی: "ئەو بەرهەمانەی بڕەکەیان زیاتر لە خۆبژێویین، ڕەوانەی ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێن، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا کێشە و گرفت هەیە و حکومەتی فیدراڵی گرفت بۆ چوونی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی دروست دەکات، بە تایبەت بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمەکانی ئاژەڵ و پەلەوەر، بۆیە زۆرجار بیرمان لەوە کردووەتەوە، بتوانین بەرهەمی هێلکە و مریشک لە وڵاتانی کەنداو و هەندێک وڵاتانی دیکە ساغ بکەینەوە و لەوێ بتوانین بازاڕیان بۆ پەیدا بکەین."
کوردستان بۆ ڕەنێوهێنان و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، وڵاتێکی بەپیتە و کەشێکی لەباری هەیە، کە بە هۆى سیاسەتەکانی ڕاگواستن و لەناوبردنی گوندەکانەوە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووى عێراقدا زیانمەند بووە. کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەم زیانە درێژمەودایە و بۆ مەبەستی فرەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی ئابووری، دەستی بۆ پلانی فرەجۆر و درێژخایەنی بەهێزکردنەوەى کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی کوردستان بردووە و لەسەری بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری