Skip to the content

تەواوی شەقامی 120 مەتریی هەولێر بە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کۆنترۆڵ کرا

کامێراى خاڵ بۆ خاڵ لە تەواوی شەقامی خێرای ١٢٠ مەتریی شارى هەولێر کەوتوونەتە کار و وردیی کامێراکەش لە تۆمارکردنی سەرپێچیدا، ڕێژەى بەرزی مەترسی و ڕووداوەکان لەسەر شۆفێران کەم دەکاتەوە.
لەبارەى چۆنییەتی کارکردنی کامێراى خاڵ بۆ خاڵ، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆى هەولێر، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "سەرجەم کامێراکان لەم سیستەمەدا پێکەوە بەستراونەوە، هەموو کامێرایەک خۆکارانە وێنەی ئۆتۆمبێلەکان تۆمار دەکات، بەوەش دوو جۆر سەرپێچی تۆمار دەکەن، یەکەمیان ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لە خێرایی دیاریکراو تێپەڕی کردبوو، ئەمە لەلایەن کامێراکەوە وەکوو سەرپێچی تۆمار دەکرێت. سەرپێچیی دووەمیش کاتێک تۆمار دەکرێت، لە کاتی خەمڵێندراوی نێوان دوو کامێرا، ئۆتۆمبێل بەپێی خێراییی و کاتی دیاریکراو نەگاتە خاڵی دووەمی کامێرا."

سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ، لەسەر بنەماى خەمڵاندنی دوورى و کاتی نێوان کامێراکان دانراوە. بۆ نموونە گەر دووریی نێوان دوو کامێرا ٢ کیلۆمەتر بێت و پێویست بێت بە ٨٠ چرکە ببڕدرێت، ئەمە یاساییە، بەڵام گەر بە ٧٠ چرکە بڕدرا، ئەمەیان سەرپێچییە، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی زۆرتر لە ڕێگەپێدراو لە نێوان هەردوو کامێرا لێیخوڕیوە.

لەبارەى دابەشکاریی سایدى شەقامەکانەوە گوتەبێژ گوتی: "لە شەقامی ١٢٠ مەتری، چوار لاى شەقاممان هەن؛ شەقامی هێواش (لاى راست) تەنیا بۆ بارهەڵگرەکانە؛ ئەگەر بێت و ساید بگۆڕن، ئەمە وەکوو سەرپێچی هەژمار دەکرێت. گەر خێراییشیان لە ٨٠ کم زیاتر بێت، ئەوەش هەر سەرپێچییە. بەوەش کە بارهەڵگر ڕێڕەو لە ڕاستەوە بگۆڕێت و لە ٨٠ کم زیاتر بڕوات، ئەمە دوو سەرپێچییە. لەبارەى ئۆتۆمبێلی بچوك و بارهەڵنەگرەوە، لە خوار خێرایی ١١٠ لە هەر سایدێک ڕێ بکەن، ئاساییە و سەرپێچی نییە."

حاجی گوتیشی: "دانانی کامێراکان، شەقامەکەى هێواش نەکردووەتەوە و قەرەباڵغی دروست نەکردووە، بەڵکوو شەقامەکەى زیاتر ئاسایشمەند کردووە و ڕووداوەکانی کەم کردووەتەوە، چونکە ڕێگە دەدات شۆفێران بە خێرایی ١١٠ کم ڕێ بکەن."

شەقامی ١٢٠ مەتری، ٣٧ کیلۆمەترە، ١١ ئۆڤەرپاس و ٥ ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت. پانیی شەقامە سەرەکییەکە ١٥ مەتر بۆ هەر سایدێکە، هەر سایدێک چوار ڕێڕەوی تێدایە. شەقامی ١٢٠ مەتری، شەقامێکی خێرایە کە ئەگەر بە یاسایی بەکار نەهێنرێت، مەترسیی گەورە لەسەر شۆفێران و سەرنشینان دروست دەبێت، لەم سۆنگەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت چاودێریی پتەوی هاتوچۆ بخاتە سەر شەقامەکان، تاکوو هاووڵاتییانی لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ بپارێزێت.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری