Skip to the content

زانکۆى ئاکرێ وەک یەکەم زانکۆی زانستە کردارییەکان دەست بە پرۆسەى خوێندن دەکات

بۆ گرنگیدانی زیاتر بە زانست و پیشە کردارییەکان، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێم، زانکۆى زانستە کردارییەکانی ئاکرێی دامەزراند و زانکۆکە بۆ پرۆسەى خوێندن دەستبەکار دەبێت.
زانکۆکە لە ٢٠ بەش پێک دێت و لە قۆناغی یەکەمدا ١٢٣٣ قوتابی وەرگیراون و پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیانیش لە قۆناغی دووەم بەردەوام دەبێت، جگە لە خوێندنی دیپلۆم و بەکالۆریۆس، ئەمساڵ قوتابیانی خوێندنی ماستەر و دکتۆراش دەست بە خوێندن دەکەن.
د. مەنهەل ئیلهام، سەرۆکی زانکۆى ئاکرێ، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "دواى سەردانى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئاکرێ، لە چوارچێوەى چەندین پرۆژە، زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان کرایەوە. لە قۆناغى یەکەمدا ١٢٣٣ قوتابی لە زانکۆکە لە ٢٠ بەشدا وەرگیراون. دەستەى دووەمیش بەو نزیکانە وەردەگیرێن. ئەو قوتابیانەى وەرگیراون لە زۆر دەڤەرى کوردستانەوە هاتوون. ١٦٥ ئەندامی ئەکادیمیمان لەو زانکۆیەدا هەیە و ساڵی ئاییندەش بەشی نوێی تێدا دەکەینەوە. ئاستەکانی خوێندن لەم زانکۆیەدا دیپللۆمی دوو ساڵی و بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرایە."

ئەحمەد عەلی، لە خوێندنی ماستەر لە بەشی ئایتیی زانکۆکە وەرگیراوە، گوتی: "دواى ئەوەى زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستی کردارى کرایەوە، بۆ خەڵکی ئاکرێ زۆر گرنگ بوو، دەرفەت دەداتە ئێمە درێژە بە خوێندن بدەین و لە شارەکەى خۆمان خوێندن تەواو بکەین، بۆیە سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکەین."

کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ ئومێدێکی گەورەی بەخشیوە بە قوتابیان و دەرچەیەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە بەدەستهێنانی زانین و پلەی زانستی، ئەمە جگە لەوەی دانیشتووانی ئاکرێ و بەردەڕەش و سنوورەکە، لێی سوودمەند دەبن.  

زەهرا شینوەر، قوتابییەکی دیکەیە، گوتی: "لە بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆى ئاکرێ دەخوێنم، کردنەوەى ئەم زانکۆیە بۆ سنوورى ئاکرێ زۆر گرنگ بوو، چونکە زۆر کەس حەزی خوێندنی هەبوو، بەڵام تواناى چوونەدەرەوەیان لە شارەکە نەبووە تاکوو بخوێنن. ئەمە دەرفەتێکی گرنگە تا خەڵک لە شارى خۆیان بخوێنن. سوپاسی کابینەى نۆ و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."

سوڵتان هیشام، قوتابییەکی دیکەى زانکۆی ئاکرێیە، لەمبارەیەوە گوتی: "دواى سەردانەکەى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەم زانکۆیە کرایە دیاریی خەڵکی ئاکرێ، زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستی کردارى بۆ ئێمە گرنگە وەکوو یەکەم زانکۆی زانستە کردارییەکان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق."

بۆ گەشەپێدانی بازاڕ و پیشەسازییەکانی کۆمەڵگە، گرنگیدان بە زانکۆی زانستە کردارییەکان یەکێک لە بنەما گرنگەکانە، لە چوارچێوەى هەوڵەکانی کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێم بۆ گرنگیدان بەو بوارە، لە نووسراوی ژمارە ٢٥٤٦ ى ١٩ـى حوزەیرانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر کردنەوەى زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دەربڕی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری