Skip to the content

لە میانی چاکسازییەکانی کەرتی تەندروستیدا ٥٠%ى دانەمەزراوان لە کەرتی تایبەتدا دەخرێنە سەر کار

لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر بە چارەخوازان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە چاکسازییەکانیی کەرتی تەندروستی، بۆ ئەو مەبەستەش چاکسازیی لە ٧٠ نەخۆشخانەی تایبەت و ١٦٧ سەنتەر و ٣٢ کۆمەڵگەی پزیشکیدا کردووە و لە ڕێکخستنەوەیان بەردەوامە.
گرنگترین ئەو چاکسازییانەش ڕێکخستنی دەوامی پزیشکان و کارمەندان و دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و ڕێکخستنەوەى نرخ و ڕێکخستنی هێنانى تیمی پزیشکیی بیانییە.

د.سەرهەنگ جامباز، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی، لەبارەى تەوەرەکانی ئەم چاکسازییانەوە بۆ فەرمانگەى میدیا و زانیاریی دواوە.

چاکسازییەکان ٧٠ نەخۆشانە و ١٦٧ سەنتەریان گرتووەتەوە
د. سەرهەنگ جامباز ڕایگەیاند: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٧٠ نەخۆشخانەی تایبەت و زیاتر لە ١٦٧ سەنتەری جیاوازی تەندروستی هەن، لەگەڵ ٣٢ کۆمەڵگەی پزیشکی. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکانێکی زۆر ڕوو لە خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەى تایبەت بکەن، تەنانەت خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیی دێن. کەرتی تایبەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە فراوانبوونی بەردەوامدایە و ئێمە وەکوو وەزارەتی تەندروستی، گرنگییەکی زۆرمان بەو کەرتە داوە و پاڵپشتییەکی باشیان دەکەین."

بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ بۆ کەرتی تەندروستیی تایبەت تەرخان کراوە
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی گوتی: "لە وەزارەتی تەندروستی پێشتر تەنیا بەشێک هەبوو کە بە دواداچوونی بۆ کەرتی تایبەت دەکرد، بەڵام لە بەر فروانبوون، ئەو بەشەمان کردە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانبەرەکانیمان زیاد کرد، بۆ ئەوەی بە دواداچوونی باش بۆ ئەو کەرتە بکەن و ڕۆژ بە ڕۆژیش کەرتی تەندروستیی تایبەت لە پەرەسەندندایە."
"پێشتر نەخۆشخانە تایبەتەکان سیستەمی میلاکیان نەبوو، ئێستا ئێمە ڕێنماییمان دەر کردووە کە پێویستە هەر نەخۆشخانەیەکی تایبەت، بە فەرمانی وەزاری، ئەو کارمەند و پزیشکانەی کاری تێدا دەکەن، فەرمانی وەزارییان بۆ دەرچێت، هەروەها پزیشک لە دواى دەوامی فەرمیی حکومی، نابێت لە زیاتر لە نەخۆشخانەیەک کار بکات و ڕێگەى پێ نادرێت."

کەرتی تایبەتی تەندروستی دەبێت ٥٠%ى دانەمەزراوان بخەنە سەر کار
جامباز ڕایگەیاند: "کارمان بۆ ئەوە کردووە هەلیکار بۆ دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان بدۆزینەوە، تا وابکەین ئەوانەی کە دانەمەزراون و دەرچووی پەیمانگە و کۆلێژە پزیشکییەکانن، لە نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکان کار بکەن و کاریان بۆ بدۆزینەوە. کەرتی تایبەتی تەندروستی (نەخۆشانە و سەنتەرەکان) دەبێت ٥٠%ی کارمەندانیان لەوانە بن کە دەرچووی بەشە پزیشکییەکانن و دانەمەزراون، هەوڵیش دەدەین ئەو ڕێژەیە ساڵ بە ساڵ زیاد بکەین. تاکوو ئەوانەی کە کاری بەیانیانیان هەیە، ڕێگە بۆ ئەو کەسانەی دیکە بکەنەوە کە کاریان نییە، تا بتوانن کاریان لە کەرتی تایبەت دەست بکەوێت."

نرخی نەشتەرگەری ڕێک و یەک دەخرێت
لەبارەى نرخی نەشتەرگەری، ناوبراو گوتی: "ئێستا لیژنەیەکی باڵامان لە وەزارەتی تەندروستی پێک هێناوە؛ پێداچوونەوە بە نرخەکاندا بۆ دانانی نرخی هەر نەشتەرگەرییەک دەکات، ئەو لیژنەیە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر ئەوە کردووە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە بۆ دیاریکردنی نرخەکان، بۆ ئەوەی نرخەکان لە نەخۆشخانەکان یەک نرخ بن و هەر بەشێک لە بەشەکانی پزیشکی، ئەوەی نەشتەرگەری تێدا دەکرێت، نرخەکانیان بۆ دیارى بکرێت، بەڵام دانانی نرخ کارێكی سەختە و لەگەڵ ئەوەشدا کارێکی زۆری تێدا کراوە و لە هەنگاوەکانی کۆتاییدایە."
"لیژنەیەکی دیکەش دانراوە، کار لەسەر بە ئەستێرەکردنی نەخۆشخانەکان دەکات، بەهەمان شێوەی هۆتێلەکان و نەخۆشخانەکان پۆلێنی دەکات، ئەویش بە دانانی چەندین پێوەر بۆ ئەوەی ئەو ئەستێرانە بدرێت بە نەخۆشخانەکان، لەوەشدا پێوەری کرێی مانەوە و نەشتەرگەرییەکان و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان لەبەرچاو دەگیرێن."

پزیشکانی بیانی بە مەرج دەتوانن بێنە کوردستان
لەبارەى ڕێکخستنی هاتنی پزیشکانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئێمە ڕێنماییمان سەبارەت بەو پزیشکە بیانییانەی بە تیم دێن و نەشتەرگەری دەکەن دەرکردووە، تا ڕێکخستنەوە و ڕێگەپێدانیان بۆ بکەین و تەنیا ئەو پزیشکانە بێن کە ئەزموونیان هەیە و پێویستیمان بە پسپۆڕییەکانیان هەیە، هەوڵ دەدەین ئەو پزیشکانە بێن کە پسپۆڕیی دەگمەنیان هەیە و نەشتەرگەریی تایبەت دەکەن، ئەویش بۆ دوو ئامانج، یەکەم، تا نەخۆشی خۆمان نەچنە دەرەوە و تێچووی کەمتری چارەسەرکردنیان بڕوات، دووەم، کاتێک ئەو تیمانە دێن، دەبێت بە هەماهەنگیی پزیشکانی خۆمان کار بکەن، تا پزیشکانی خۆشمان لە ئایندەدا بتوانن خۆیان ئەزموونەکە وەرگرن و دووبارەی بکەنەوە."

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەى کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێم چاکسازیی گشتی بووە کە چاکسازیی کەرتی تەندروستی یەکێک لە پایە هەرە سەرەکییەکانییەتی. ئەم چاکسازییانە بەردەوام کاریان لەسەر دەکرێت و بە جۆرێک ئاڕاستە دەکرێن، کە تەندروستیی گشتی بە باشترین شێوە بپارێزن و مافى نەخۆش پارێزراو بێت.