Skip to the content

لە هەولێر بە ڕۆبۆت چارەسەرى سروشتی پێشکەش بە چارەخوازان دەکرێت

چارەسەرى سروشتی یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانی گێڕانەوەى تەندروستیی چارەخوازان و لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە هەرێمی کوردستاندا پێشکەوتنی بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە؛ لەم بوارەدا ئێستا لە شارى هەولێر، لە ڕێگەى ئامێرى ڕۆبۆتەوە، چارەسەرى سروشتی پێشکەش دەکرێت.
ئاریان عەدنان، پسپۆڕ و به‌ڕێوەبەری سه‌نته‌رێکی چارەسەرى سروشتییە، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە ئەم سەنتەرەمان کردووەتەوە، لە سەرەتادا کاری سەرەکیمان چارەسەری سروشتی بوو بۆ ئەوانەی تووشی کێشەی جومگەکان، ئازاری پشت و ئازاری شان بووبوون و چارەسەری سروشتیمان بۆ دەکردن. لە دوای دووساڵ تێبینیی ئەوەمان کرد هەندێک نەخۆش، کە تووشی جەڵتەی مێشک بوونە، بۆ ئەو چارەسەرە ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە دەکرد، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە ئەو ئامێرانەی بۆ ئەو بابەتە پێویستن، بیهێننە کوردستان، بۆ ئەوەی پێویست نەکات خەڵکی کوردستان سەردانی دەرەوە بکەن و پارەیەکی زۆر و ئەرکێکی زۆر بکێشن، هەر لە بەر ئەوە ئامێرەکانی ڕۆبۆتمان بۆ سەنتەرەکەمان دابین کرد و لەگەڵ ئەوەشدا ڕاهێنانمان بە کەسانی تایبەت بەو بوارە کرد و تەنانەت پسپۆڕی ئەو چارەسەرەشمان لە دەرەوە هێنا تا وەکوو فێری تەکنیکەکان بن."
ئەو سەنتەرە کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر پێشخستنی چارەسەرى سروشتی بۆ ئەو نەخۆشانە هەبووە، کە پێویستییان بە بارهێنانەوە و ڕاهێنانەوەى جەستەیی هەیە.
لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە دەکات "ئەو کارە هاوکاریی زۆری نەخۆشەکانی کردووە، کە بتوانن لە ناو وڵاتی خۆیان چارەسەر وەر بگرن و لە ڕووی ماددیشەوە تێچوویەکی کەمتری تێبچێت، لە دوو ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکانی ناو هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ٣٠٠ نەخۆشی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە، ئەنجامێکی زۆر باشی هەبووە و سوودیان لێ وەرگرتووە."
بە گوتەی ئاریان عەدنان، ئێستا دەستیان بەوە کردووە لە دەرەوەی وڵات نەخۆش بێننە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن، تاوەکوو ئێستاش چەند نەخۆشێکیان لە وڵاتی کوێتەوە هەبووە و لەو چوارچێوەیەش خەریکی دروستکردنی پەیوەندین لە گەڵ نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی نەخۆشەکانیان بنێرنە هەرێمی کوردستان و چارەسەر وەربگرن، ئەوەش لە ڕووی گەشتیاریی پزیشکییەوە، بۆ هەرێمی کوردستان دەستکەوتێکی گرنگە.
لەبارەى کارى ئامێرەکانەوە عەدنان گوتی:'' لەسەر ئاستی عێراق ئێمە یەکەم سەنتەرین ئامێری ڕۆبۆتیکمان هێناوە، ئەو ئامێرانەش ئامێری ڕۆبۆتی ڕۆیشتن و ڕاهێنانی دەست و پێیە و هەموویان کوالیتیی جیهانین. یەکەم کاری ئەو ئامێرانە ئەوەیە جووڵەکە دەناسێت و دەزانێت تا چەندە ئەو کەسە جووڵەی هەیە، یان هێزی ماسولکەکانی چۆنە، دوای ئەوەی ئەوانەی ناسی، بە پێی ئەو زانیارییەی لە نەخۆشەکە وەریگرتووە، ڕاهێنانی پێ دەکات و دوای ئەوەش ڕۆژانە زانیاری لەسەر ئەو ڕاهێنانە دەداتە نەخۆشخانە."
گوتیشی: "جگە لە بەکارهێنانی ڕۆبۆتەکان، ڕۆژانە نزیکەی دوو کاتژمێر ڕاهێنان بە نەخۆشەکان دەکرێت و هەر کەسە و بەرپرسە لە نەخۆشێک و ئەو جۆرە ڕاهێنانەی کە پێی دەکرێت، هەمووی بە جیا و بەپێی بەرنامەی تایبەتی بە نەخۆشەکان دەکرێت و چاودێریی نەخۆشەکە دەکرێت. دوای تەواوبوونی ئەو چارەسەرانە، دواتر چارەسەری دیکە هەیە، کە بریتییە لە هاندانی ئەلیکترۆنیی بە ئامێر، دەرزیی ئاژنین، ئامێری مەگنێت و لێزەر؛ ئەوانەش باشترین جۆری ئامێرن و سوودێکی زۆر باش بە نەخۆش دەگەیەنن و نەخۆشەکە بۆ دۆخی ئاساییی خۆی دەگێڕنەوە.
کابینەى نۆیەمی حوکوومەتی هەرێم بەپێی ڕێنمایی و بنەما یاساییەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا ئاسانکاریی زۆرى بۆ دامەزراندنی سەنتەرەکانی چارەسەرى سروشتی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کردووە، تاکوو چارەخوازان بە پێی تازەترین بنەما زانستییەکان، سوود لە چارەسەرى سروشتی وەرگرن.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری