Skip to the content

نەخۆشخانەی پێشمەرگە چەندین خزمەتگوزاریی بێ بەرامبەر پێشکەشی پێشمەرگە و کەسوکاریان دەکات

نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لە شاری هەولێر، خزمەتی تەندروستی بەپێی پێشکەوتووترین بنەما زانستییە پزیشکییەکان و بە باشترین ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاریان دەکرێت.
عائیشە عەبدوڵڵا، دایکی ئەفسەرێکی پێشمەرگەیە، تەمەنی ٦٧ ساڵە و هاتووەتە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت؛ ئەو بە ئومێدەوە هاتووە و دەیەوێت جارێکی دیکە گۆچان بە دەستییەوە نەگرێت و بەبێ ئازار ڕێ بکات.
دوای پشکنینێکی ورد و خۆڕایی بۆ عائیشە، پزیشکان بڕیار دەدەن جومگەی ئەژنۆی بگۆڕن؛ ئەم نەشتەرگەرییە قورس و دەگمەنە بۆ یەکەمجارە لەو نەخۆشخانەیە بکرێت.
عائیشە عەبدوڵڵا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "من دایکی پێشمەرگەم، کارمەندان زۆر زۆر باشن و نەخۆشخانەیەکی زۆر پاکوخاوێنە، دکتۆرەکان زۆر ڕێکوپێکن و خزمەتگوزارییەکانیان زۆر باشن و دەستیان خۆشبێت و سوپاسیان دەکەم."
نەخۆشخانەی پێشمەرگە، نەخۆشخانەیەکی حکومەتییە و چارەسەری خۆڕایی پێشکەشی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان دەکات؛ هەفتانە چەندین نەشتەرگەریی گەورە و بچووک لەم نەخۆشخانەیە دەکرێن و ڕۆژانە نزیکەی ١٠٠ نەخۆش چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.
د. بەهێز عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە گوتی: "نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە بۆ دایکی یەکێک لە ئەفسەرەکانی پێیشمەرگە بە هۆی داخورانی جومگەکانی کرا، نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی تەواو بوو، بەم زووانە بە پێیەکانی خۆی دەگەڕێتەوە ماڵەوە."
دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری و پزیشکی پسپۆڕ لەم نەخۆشخانەیە، هەوڵێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خزمەتکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆڕایی بۆ پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان؛ تاکوو لە ناوخۆی کوردستاندا چارەسەریان بۆ بکرێت و بگەڕێنەوە دۆخی تەندروستیان.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری