Skip to the content

وەزارەتی پەروەردە بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان ڕاسپێردرا

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی جیاجیا بەرەنگاریی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەبێتەوە و لە ڕووی هۆشیارییشەوە، وەزارەتی پەروەردەی بۆ هەڵمەتی هۆشیاریی زانستی لەبارەى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان ڕاسپاردووە.
بە پێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١١ـى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەندەکانی خوێندن و کۆمەڵگە ڕاسپێردراوە.
لەو نووسراوەدا ئەوەش هاتووە: "لە ماوەى ٣٠ ڕۆژدا پلان و نەخشەڕێگەى وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەم مەبەستە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز بکرێتەوە، تاکوو کارى لەسەر بکرێت."
ماددە هۆشبەرەکان لەسەر لایەنی تەندروستیی هاووڵاتییان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەڕەشەی گەورەن، بۆ بەرگرتن بەم دەرەنجامە نەخوازراوانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە پرۆسەى بەرەنگاریی یاسایی و ئاسایشی، دەیەوێت لەڕووى هۆشیاریی کۆمەڵایەتیشەوە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری