Skip to the content

وەزارەتی پەروەردە بۆ مامۆستایان: ئەم دۆخە سەختە تێدەپەڕێنین

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ڕۆژی جیھانیی مامۆستایانە و سبەی هەینی ٦ـی تشرینی یەکەم، ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانە، بەو بۆنەیەوە وەزارەتی پەروەردە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

وەزارەتی پەروەردە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە مامۆستایان دەکات و دەڵێت: سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ھەوڵ و ماندووبوون و دڵسۆزی مامۆستایان دەکەین کە بەردەوامی دەدەنە پرۆسەی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی قوتابییان.

وەزارەتی پەروەردە ئەوەش دەڵێت: بە پێویستی دەزانین سوپاسی مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بکەین کە گەشە بە خوێندنی کوردی لەو ناوچانە دەدەن و پارێزگاری لە ناسنامەی کوردستانیبوون دەکەن.

لەبارەی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە داوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکان بەردەوامە و پشتیوان بەخوا و ئیرادەی بەرزی نیشتمانپەروەران، ئەم دۆخە سەختانە تێدەپەڕێنین.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری