Skip to the content

وەزیرى پەروەردە فەرمانێکی وەزاری بۆ کۆتاییهێنان بە بایکۆت دەر دەکات

وەزیرى پەروەردە داوا لەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانە دەکات دەست بە پرۆسەى خوێندن بکەن کە بایکۆتی پرۆسەى خوێندنیان کردووە و لەوبارەیەوەش دەڵێت: "فەرمانێک لەوبارەیەوە دەردەکەین و دەسەڵاتەکان بەکار دێنین."
ڕۆژى پێنجشەممە، ١٩ـى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دۆخی خوێندن لەو شوێنانەی بایکۆتیان کردووە، لە مەترسیی گەورەدایە. پێویستە دەست بە دەوامی خوێندن لەو شوێنانە بکرێت، دۆخی بێمووچەیی و گرفتەکان تەنیا کێشەى وەزارەتی پەروەردە نییە، بەڵکوو هەموو بوارەکانی ژیانی گرتووەتەوە، بۆیە پێویستە بچینە ژێر بارى بەرپرسیارەتییەوە."
گوتیشی: "فەرمانێک دەردەکەین، بە پێی ئەو فەرمانە، لە ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو، ٢٢ى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، دەبێت مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی خوێندن، لە سنوورەکانی سلێمانی و ڕاپەڕین و هەڵەبجە دەست بە دەوام بکەنەوە، و تەواوى دەسەڵاتی کارگێڕی دەدەینە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەى سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەى ڕاپەڕین و گەرمیان، تاکوو لە هەفتەى داهاتوو خوێندن دەست پێ بکاتەوە."
ئەوەشی زیاد کرد: "ئەم بڕیارە بە ماناى پشتتێکردن لە مامۆستایان نییە، خەمخۆرى مامۆستایانین تا مافەکانیان بەدی بێنین، بەڵام دوو مووچە و سێ مووچە لە بەغداوە نەهاتووە و دابەش نەکرابێت؛ ئەوەى کە هاتووە دابەش کراوە، دواکەوتنی مووچە بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە نەک تەنیا بۆ وەزارەتی پەروەردە. بۆیە پێویستە هەموومان ئەو تێگەیشتنەمان هەبێت کە دۆخەکە گشتییە و نابێت خوێندنی قوتابیان بفەوتێت."
پێنج هەفتە بەسەر دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢-٢٠٢٤دا تێپەڕیوە و لە بەشێکی قوتابخانەکانی سنوورى سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان خوێندن دەستی پێ نەکردووە، هەفتەى پێشووش ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانەى بە بەرپرسیارەتییەوە لە بەشێک لە قوتابخانەکان دەستیان بە خوێندن کردەوە، لەلایەن چەند گرووپێکی نادیارەوە هەڕەشەیان لێ کرا.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری