Skip to the content

پرۆژەى بەکارهێنانەوە (ڕیسایکلینـ)ـى قیر ڕۆژانە دوو هەزار تۆن قیر بەرهەم دەهێنێت

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کارگەیەکی بەکارهێنانەوە (ڕیسایکلین)ـی قیر لە هەولێر دامەزراوە؛ قیری هەڵکەندراوی شەقامەکان دەکاتەوە بە کەرەستەی سەرەتاییی قیر و جارێکی دیکە بەکار دەهێنرێتەوە.
کارگەکە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین کارگەکانی بەکارهێنانەوەى قیر دادەنرێت؛ ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار تۆن قیری هەیە و تەواوی کارمەندەکانیشی حکومیین.
عیماد محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر، لە بارەى پرۆژەى بەکارهێنانەوەى قیر، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "ئەم پرۆژەیە بریتییە لە هەڵگرتنەوەى قیرى کۆنی ڕێگە بەکارهاتووەکان و بەکارهێنانەوەى قیرەکە لە پرۆژەى دیکەدا. ئەم پرۆژەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا یەکەمین پرۆژەیە؛ لە هەمان کاتدا ژینگەپارێزە و دووکەڵ و تۆز و دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەرنادات."
گوتیشی: "ئەم کارگەیە دەتوانێ ڕۆژانە دوو هەزار تۆن قیر نوێ بکاتەوە و بۆ بەکارهێنانەوە ئامادەى بکات. لە هەنگاوی سەرەتاشدا، ڕێگەى هەولێر-قوشتەپە وەکوو تاقیکردنەوە، بەم قیرە نۆژەن دەکرێتەوە."
لە مەودوا لەگەڵ هەڵکەندنی قیری شەقامەکان، ڕاستەوخۆ بۆ ئەم کارگەیە دەگوازرێتەوە و دووبارە لە قیرتاوکردنی کووچە و کۆڵانەکان بەکاردەهێنرێتەوە. ئەم کارگەیە، ژینگە پیس ناکات و تێچووی بەرهەمهێنانی قیریش کەم دەکاتەوە.
ڕاوێژ ڕەسوول، ئەندازیاری کارگەکە، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی گوت: "کارى ئەم کارگەیە کە بە کارمەندانی حکومی بەڕێوە دەچێت، بریتییە لە بەکارهێنانەوەى قیری بەکارهاتوو و بەرهەمهێنانی قیرى تازە؛ گرنگیی پرۆژەکە بریتییە لە کەمتر پیسبوونی ژینگە، کەمتر خەرجکردنی سووتەمەنی و پارە. هەروەها توانای ئەوەى هەیە لە کاتژمێرێکدا ٢٠٠ تۆن قیر بەرهەم بهێنێت. ئەمەش دەرفەتێکی باشە تا زۆربەى شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی پێ نوێ بکەینەوە."
هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ گەشەپێدانی کەرتی پێشەسازی و دامەزراندنی کارگەی پێشکەوتوو بەردەوامن، بەتایبەت بۆ ئەو پرۆژانەى لە یەک کاتدا بەرهەمهێنەرن و لە هەمان کاتیشدا ژینگە و سامانی هەرێمی کوردستان لە لەناوچوون دەپارێزن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری