Skip to the content

پشكنين بۆ مەرجەکانی سەلامەتیی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان دەکرێت

لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و سەلامەتی زیاتری هاووڵاتییان، لەسەر ڕاسپاردەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ هۆڵی بۆنەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پێکهێنرا، تا بابەتی دڵنیاییی تەواو لەو هۆڵانەدا هەبێت و دڵەڕاوكێی هاووڵاتییان بڕەوێتەوە.
موقەدەم کاروان عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: ''لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ هۆڵی بۆنەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، هەرچەندە لە کاتی مۆڵەتپێداندا ئەو کارانە کراون، بەڵام ئەم کارە زیاتر بۆ پێداچوونەوەیە بە هۆڵەکان. ئێستاش دەستەی گەشتوگوزار ٣٨ هۆڵیان لە هەولێر بۆ ئێمە پێشنیار کردووە، بۆ ئەوەی بە دواداچوونیان بۆ بکەین و ڕەنگە ئەو ژمارەیەش زیاتر بێت."
موقەدەم کاروان دەشڵێت: ''لیژنەکە لەلایەن جێگری پارێزگاری هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پێمان وایە کاری ئەو لیژنەیە ئەنجامی باش دەبێت."
ئاماژەشی بەوەشدا: ''بە داخەوە دوای ئەو ڕووداوەی کە هەفتەی ڕابردوو لە حەمدانییە ڕوویدا، ترس و دڵەراوکێ لای هاونیشتمانیان دروست بووە، نەک تەنیا لە موسڵ، بەڵکوو لە هەموو عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش، بۆیە ئێمە پێداچوونەوەیەکی زۆر باش دەکەین بۆ بەرجەستەکردنی دڵنیاییی تەواوەتی و پابەندکردنی خاوەنی هۆڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕاشیگەیاند:'' پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی بەکرێگرتنی هۆڵێک، پرسیار لە لایەنی سەلامەتی بکات، چونکە بیرمان نەچێت هەر کاتێک دڵنیاییەکان زیاتر بن، ئەوەندە هاووڵاتی پارێزراوتر دەبن، بۆیە ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش لە هۆڵەکاندا هەبێت و مەرجی خۆپارێزی لەو شوێنانە بوونی زیاتریان هەبێت؛ بۆیە ئێمە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەین، ئەگەر ڕێنماییەکانیان جێبەجێ نەکردبێت، ڕێکاری تایبەتییان بەرامبەر دەگرینە بەر، ئەویش بە داخستن یان سزادان، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات، ئەگەر شوێنەکانیشیان تەواو بێت، دەستخۆشییان لێ دەکەین."
کاروان ڕوونیشی کردەوە، ناكرێت بەرژەوەندیی تاک بەسەر بەرژەوەندیی گشتیدا زاڵ بکرێت، بۆ ئەوەی چەند کەسێک قازانج بکەن چەندین کەسی دیکە تووشی زیان ببن و گوتیشی: ''ڕێنماییی ئێمە لە ئێستادا ئەوەیە نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بردنی یاری ئاگرین بۆ هۆڵەکان بدرێت. بە پێی بەرنامەی داهاتوومان و بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە پێشتریش کارمان لەسەر کردووە، هەر هۆڵێک مەرجی بەرگریی شارستانیی تێدا نەبێت، ناتوانێت شوێنەکەی بەکرێ بدات و دەبێت بابەتی دڵنیاییی تەواو لەو هۆڵانەدا هەبێت."
تیمێکی لیژنەکە لە پارێزگای هەولێر دەستی بە كارەكانی كردووە، سەرەتا سەردانی هۆڵەكانی ئاهەنگگێڕانی خێزانیی دەکەن، كە ژمارەیان لەناو سەنتەری شاری هەولێر ٢٢ هۆڵە، تیمەكە ئەو تێبینیانەی هەیانە لەبارەی هۆڵەکان و کەموکوڕییەکانیان دیاری دەکەن، تا جێبەجێكردنی تەواوی مەرجەكانی سەلامەتی، ئەوانەی كەموكوڕییان هەیە دادەخرێن.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری