Skip to the content

پێدانی ئامێر و تراکتۆری پێشکەوتووى کشتوکاڵی بە جوتیاران دەستی پێ کرد

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەستی بە پێدانی ئامێری کشتوکاڵی بە جوتیاران کرد و لە دەستپێکیشدا دوو تراکتۆرى بە دوو جوتیارى کوردستان بەخشی.

ڕۆژى پێنجشەممە ١٢ى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئامێری پێشکەوتووی کشتوکاڵی بە قیستی درێژخایەن دەدرێتە جوتیارانی هەرێمی کوردستان کە تراکتۆریشی تێدایە."

جوتیارانی کوردستان و خاوەن پڕۆژە ئاژەڵدارییەکان، لە دواى کۆمەڵێک مامەڵەی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بانک و کۆمپانیاى دیاریکراو، دەتوانن ئامێرە کشتوکاڵییەکان وەرگرن و لێی سوودمەند بن.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا وەکوو دەستپێکی پڕۆژەکە، دوو تراکتۆرى نوێ و پێشکەوتوو درایە دوو جوتیارى هەرێمی کوردستان و پەیوەست بەو بابەتەش بێگەرد تاڵەبانی، سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد کە دوو داواکاریی وەزارەتی کشتوکاڵیان قبووڵ کرد، ئەوانیش لێخۆشبوونی گومرگی لە پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و هێنانی ئامێرى پێشکەوتووى کشتوکاڵی و پێدانیان بە جوتیاران بوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە، پلانی بەهێزترکردنی کەرتی کشتوکاڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوامییش بەو پڕۆسەیە دەدات؛ لەم ڕووەوە پشتیوانیکردنی جوتیاران بە یەکێک لە پێشمەرجەکانی ئەو پلانە دەزانێت.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری