Skip to the content

پێداچوونەوە بە سیستەمەکانی غاز و شۆڤاژدا دەکرێت

بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنیان لە مەترسییەکانی سیستەمی غاز و شۆڤاژ، لیژنەیەک لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردراون، پشکنین بۆ ئەو شوێنانە بکەن، کە سیستمەکە بەکار دەهێنن، تا ئێستاش پشکنین بۆ ٥٠٠ شوێنی تایبەت و گشتی کراوە.

ئەم لیژنانە زیاتر لە هەشت مانگە دەستیان بە کارەکانیان کردووە و پشکنین بۆ ماڵ، چێشتخانە و هۆتێلەکان دەکەن.

موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "پرسی غازی شل بابەتێکی زۆر گرنگی تایبەت بە بەرگریی شارستانییە، بەداخەوە دوای ئەو ڕووداوەی لە سلێمانی و دهۆک ڕوویان دا، بووە هۆى ئەوەى هەر زوو لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆ، ئێمە وەکوو بەرگریی شارستانی، لێکۆڵینەوەکان دەست پێ بکەین."

"ئێمە لە ڕێگەی لیژنەکانمانەوە لە کەرتی تایبەت، پشکنینمان بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ماڵ و لە کەرتی هاوبەش و گشتییش پشکنینمان بۆ زیاتر لە ٣٠٠ شوێن کردووە، واتە ئەوانە دڵنیاییی تەوایان پێ دراوە. بۆیە مەترسیی ئەو بابەتە بە هەردوو شێوازی LPG و شۆڤاژی ماڵان، کە لە وەرزی زستاندا کاری پێ دەکرێت، ئێستا ٧٠%ی کەم بوونەتەوە."

موقەدەم کاروان گوتیشی: "لە ئێستادا لە ١٣ کۆمپانیا مۆڵەتی فەرمییان هەیە بۆ ئەوەی سیستەمەکە دابنێن و پێویستە هاووڵاتییانیش لە کاتی جێگرکردنی ئەو سیستەمە، لە باشترین جێگە و کۆمپانیا کارەکانیان بکەن. بابەتی شۆڤاژ بابەتێکی گرنگە، ناکرێت هاووڵاتی ڕاستەوخۆ ئەو سیستەمە ببەستێت، دەکرێت لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بێت، کە ئێمە لیژنەی باڵامان هەیە و بە پێی مەرجی مۆڵەتوەرگرتن بۆی جێگیر بکرێت."

هەر لەم باسەدا، موقەدەم مامەند ساڵح، بەرپرسی سیستەمی LPG لە هەولێر، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "ئێمە لە ئێستادا لەسەر ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لەبارەی ئەو سیستەمەوە ئیش دەکەین، کە خۆشبەختانە ئەو بابەتە بە سیستەم کراوە و هەموو ئەو شوێنانەی بە شۆفاژ کار دەکەن وەکوو ماڵ و کۆمپانیا و ڕێستۆرانتەکان، بەپێی ڕێنماییەکانی ئێمە کار دەکەن."

"ئەو کەرەستەى بۆ ئەم سیستەمە دەبەسترێت، دەبێت ستاندارد بێت و ئەو تانکییەی بەکار دێت دەبێت پێشتر بپشکنرێن. هەروەها دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان، کە سیستەمی غاز هیچ کێشەیەکی نابێت، ئەگەر بە سەلامەتی بەکار بێت و لە ژێر چاودێریی کۆمپانیاکان و بەرگریی شارستانیدا بێت."

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا ئەو کۆمپانیایانەی مۆڵەتیان هەیە (لە ڕێگەی بەرگریی شارستانیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان) دەتوانن سیستەمی غاز و شۆڤاژ بۆ شوێنەکان دابنێن. لە هەولێر ١٢ کۆمپانیا، لە سلێمانی ٣٦ کۆمپانیا و لە دهۆکیش ٤ کۆمپانیا، مۆڵەتی دانانی سیستەمەکەیان هەیە. لە وەزارەتی ناوخۆش لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی ساڵی ٢٠٢١ پێک هاتووە، تاکوو ڕێنماییەکە بۆ پاراستنی زیاتری هاووڵاتییان هەموار بکاتەوە.

 

فەرمانگەى میدیا و زانیاری