ڕێڕەوی تایبەت بە نابینایان و کەمبینان لە شارى هەولێر دروست دەکرێت
![](/media/22812/photo_2023-10-16_09-40-04.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133419154340000000)
ڕێڕەوی تایبەت بە ڕێکردنی نابینایان و کەمبینان بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە هەولێر دروست دەکرێت و سەرەتاش پرۆژەکە لە شەقامەکانی ناوەڕاستی شارەكە دەست پێ دەکات.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، ڕایگهیاندووە: "دابینکردنی خزمەتگوزاریی تایبەتی ڕێگەوبان بۆ نابینایان، ئەرکێکی ڕەوشتییانەى ئێمەیە و لە پێناو ڕێزگرتن و ئاسانکاری بۆ نابینایان، ئەم پرۆژەیە لە شارى هەولێر جێبەجێ دەکەین."
پارێزگای هەولێر هێماى بۆ ئەوەش کردووە: "لە زۆر شوێنی جیهان لە شەقامە گشتییەکاندا گرنگی بە ڕێڕەوی تایبەتی نابینایان دراوە، تاکوو ئاسایشیان بپارێزرێت و بە ئاسوودەییەوە ڕێ بکەن، بۆیە کابینەى نۆیەمى حکومەتی هەرێم پلانی پرۆژەیەکی وای داناوە و ئەوەش دوا پرۆژە نابێت؛ بەڵکوو کارى دیکەشی بەدوادا دێت."
دروستکردنی ڕێرەوی نابینایان لەسەر شۆستەی شەقامی چوارڕیانی نیشتمان و شۆستەی شەقامی بازاڕی سیروان تا چوارڕیانی شێخی چۆڵی و شۆستەی پارکی شار و قەیسەری و قەڵا و شەقامی باتا، له لایهن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە جێبەجێ دەکرێت.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی کار و کاروبارى کۆمەڵایەتی، نزیکەى ٥ هەزار نابینا و کەمبین لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە پلان دەیەوێت مافەکانیان بەدی بهێنێت و لەگەڵ ژیانی ئاسایی و چالاکییەکانی کۆمەڵگەدا ئاوێزانیان بکاتەوە.
فەرمانگەى میدیا و زانیاری