Skip to the content

قۆناخێکی گرنگی پرۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر تەواو دەکرێت

رۆژی دووشەممە ١١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەهای ئابووری (feasibility study) بۆ پرۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.

لە رێوڕەسمەكەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پرۆژەکەی بە ستراتیژی و گرنگ بۆ ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە ناوبرد و رایگەیاند: "دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخە ھیوادارین لەنزیکترین دەرفەتدا دەست بکەین بە قۆناخی دیزاینی پرۆژەکە، بەپێی ئەو بەرنامەیەش کە دامانناوە لەگەڵ ھەر قۆناخێکی دیزایندا، جێبەجێکردنی ئەو قۆناخەش دەستپێدەکەین و چاوەڕێ ناکەین تاوەکوو ھەموو دیزاینەکە تەواو دەبێت".

لەبارەی گرنگی پڕۆژەکە بۆ هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچەکە، دانا عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوەکرد:"ئەم پرۆژەیە کاریگەری بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێش دەبێت و ھەردوو خاڵی سنووری ئیبراھیم خەلیل و پەروێزخان پێکەوە دەبەستێتەوە، ھەروەھا لە ڕێی کەرکووک مووسڵیشەوە بە ناوچەکانی تری عێراقەوە دەبەسترێتەوە و ھیوادارین ببێتە ڕێگایەکی بازرگانی و سوود بە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بگەیەنێت".

ھەر لە رێورەسمەکەدا باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، وتارێکی پێشکەشکرد و پڕۆژەکەی بە گرنگ و پڕ بایەخ ناوبرد، كۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ـی ئیسپانیش، کە جێبەجێکاری قۆناخی کەڵکی ئابووری (feasibility study) پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەرە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە کارەکانیان و ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کرد.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری