گوتەبێژی حکومەت: نەدەبوو بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت
لەدوای پەسەندکردنی یاسای بوودجەی عێراق، حکومەتی فیدراڵی ئامادە نەبووە تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لەنێو بوودجەدا هاتووە، بیدات و گوتەبێژی حکومەتیش دەڵێت "دەبوو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەکانیان وەرگرتبا".
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "٩٠٦ ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبوو حکومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکات".
ئەوەشی گوت: "دەبوو وەکوو ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ئێستا مووچەی مانگی ئەیلوول وەردەگرن، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەوانیش مووچەکانیان وەرگرتبا نەوەک لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە".
لەبارەی ئەو ٥٠٠ ملیار دینارەی کە بۆ سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "حکومەتی فیدراڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردووە، هەروەها نەشیانگوتوە بۆ ئەو چەند مانگە هەقی هەرێمی کوردستان چەند بووە".
لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئامادەیە و لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆشەوە وردەکاریی تەواوی داوەتە حکومەتی فیدراڵی.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "هیواخوازین بە هەرجۆرێک بێت، پێداچوونەوە بەو ژمارانە بکرێت کە باس دەکرێن و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەش بکرێت کە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەدرێن".
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی داهاتە نەوتی و ناونەتییەکان داوەتەوە و لە بەرانبەر ورووژاندنی هەر پرسیارێکی دیکەش، گوتەبێژی حکومەت دەڵێت: "کات کوشتنە".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری