Skip to the content

بە بڕیارى مەسرور بارزانی یاریگەى ئاکرێ و بەردەڕەش و دینارتە نۆژەن دەکرێنەوە

دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاکرێ لە ٢٢ـى ٥ـى ٢٠٢٣ و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی شارەکە، بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی لە سنوورەکە دا، یەکێک لەو پرۆژانەش نۆژەنکردنەوە و بونیاتنانەوەى یاریگەکانی ئاکرێ و بەردەڕەش و دینارتەیە، کە کارەکانیان دەستیان پێ کردووە.
هۆزانڤان زاهد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی ئاکرێ، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی گوت: "دواى سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی دڵخۆشکەری دا، ئەویش نۆژەنکردنەوەى یانەى ئاکرێ و بەردەڕەش و دینارتەیە، کە جێی دڵخۆشیی وەرزشوانانى هەرسێ ناوچەکەیە."
گوتیشی: " کارەکانی پرۆژەکان زۆر باش بەڕێوە دەچن، بە هیواین بۆ مانگی ١٢ کۆتایی پێ بێت و یانەى ئاکرێ لە گەڕی دووەمی خولی کوردستان لە یاریگەى نوێی ئاکرێ یارى بکەن."
یاریگەی یانەی وەرزشیی ئاکرێ زیاتر لە ٥ هەزار هاندەر دەگرێت، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران نۆژەن دەکرێتەوە و تێچووەکەشی ٣٠٣ ملیۆن دینارە.
جگە لەو یاریگەیە، دوو یاریگەی دیکەی تۆپی پێ لە قەزای بەردەڕەش و ناحیەی دینارتە نۆژەن دەکرێنەوە، کە تێچووەکەیان ٥٨٠ ملیۆن دینارە، هەلیکاری بەردەوامیان بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە و لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکانیان تەواو دەکرێن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری