Skip to the content

بە تەواوبوونی پرۆژەکانی ئاو 80%ـی ئاو لە سەرچاوەکانی سەرزەوییەوە دابین دەکرێت

ڕۆژانە دوو ملیۆن و ٧٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە تێچووی ساڵانەی ٥٥٢ ملیار دینارە. سەربارى ئەوەش، حکومەت خەریکی تەواوکردنی پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییە، کە لە ڕێگەى گلدانەوە و پاڵاوتن و ناردنەوە، ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

ئێستا ٨١ پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو، ڕۆژانە لەسەر ڕووبارەکان کار دەکەن و بڕیاریشە ١١ پرۆژەی دیکەی ستراتیژیی ئاو، لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن، ئەمەش گرفتی کەمئاوی بە ڕێژەیەکی زۆر چارەسەر دەکات.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کەمئاوی، ١١ پرۆژەى ستراتیژی لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانیی حکومەتی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێن. ئێستا ٥٠% ـى بەرهەمهێنانی ئاو لە ڕێی بیرەکانەوەیە، ٥٠% ـی تر لە ڕێگەى پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییەوەیە؛ بە تەواوبوونی ١١ پرۆژەکەی ئاو، ٨٠-٨٢% ـى دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوى سەرزەوی دەبەستێت، کە بەهۆیەوە ئاوی ژێرزەوی دەپارێزرێت و بیرەکان دادەخرێن، لە هەمان کاتدا ئاو ئاسانتر بە هاووڵاتییان دەگات."

بە پێی پێوەری نێودەوڵەوتی، بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک لە ڕۆژێکدا ٢٥٠ لیترە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بڕی بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک ٥٠٠ لیترە، بەمەش هاووڵاتییان زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی نێودەوڵەتی ئاو بەکار دەهێنن.

ئاری ئەحمەد، لەبارەى پاراستنی سامانی ئاوەوە گوتی: "هۆشیاریی بەکارهێنانی ئاو زۆر گرنگە، زۆرجار هاووڵاتییان ئاوێکی زیاتر لە پێویستیی خۆیان بەکار دەبەن، هەروەها دروستبەکارنەهێنانی ئامێرەکان لە ماڵەوە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زیاتری ئاو، وەکوو جلشۆر و قاپشۆر و دووش و کەرەستەکانی دیکە کە دەکرێت وریایانەتر، لەپێناو کەمکردنەوەى بەکارهێنانی ئاو بەکار بهێنرێن. ئەوەى ئێمە داواى دەکەین، شتێک نییە لە سەرووى تواناى هاووڵاتییانەوە بێت".

ساڵانە بەهۆى فراوانبوونی جووڵەى شارستانی و گەورەبوونی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستییەکان بۆ بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە ڕێکخستنی بوارى بەکارهێنانی ئاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەى ئەو خواستە نوێیانە بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری