Skip to the content

بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤیل؛ پرۆژەى هاوکاریی هەمەجۆرى دوو شار

بەدەستەخوشکبوونی شارەکان، دەستەواژەیەکە بۆ ڕێککەوتنی یاسایی و کارگێڕیی نێوان دوو شارى دوو وڵات، کە پێکچوونی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان هەیە و خواستیان هەیە پێکەوە هاوکارى و هەماهەنگیی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا بکەن.
ڕۆژى ٩ـى ئەیلوولی ٢٠٢٣، هەردوو شارى هەولێرى پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناشڤیلی ویلایەتی تێنیسی ئەمەریکا، ڕێککەوتننامەى دەستەخوشکبوونی خۆیان ڕاگەیاند و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی شارى ناشڤیل واژۆ کرا.
بەو ڕێککەوتننامەیە، هەردوو کارگێڕیی شارەکە، لەڕووی پارادیپلۆماسییەوە (پەیوەندیی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان)، دەستکراوە دەبن پەیوەندی و هەماهەنگیی جۆربەجۆریان هەبێت و لە بوارەکانی زانیاری، هونەر، کولتوور، پەروەردە، یاسا، چاودێریی تەندروستی، کارگێڕی و خوێندنی باڵا و تەکنەلۆژیا، وەرزش، بازرگانی و حوکمڕانیی خۆجێیی شارەکان، هاوکارى و کاری پێکەوەییان هەبێت.
بنەماى دەستەخوشکبوونى شارەکان لە دواى دووەمین جەنگی جیهانییەوە لە نێوان وڵاتاندا پەرەى سەند، جگە لە بەهێزکردنی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسیی نێوان وڵاتان، دەرفەتێکی ئاسانکارە تا شارە گەورەکان پێکەوە لە هاوکاریی ڕاستەوخۆدا بن و لە هاوکارى و هەماهەنگیی بوارە جیاجیاکاندا دەستکراوە بن.
ڕۆژى ٢٣ـى ئایارى ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤیلی ئەمەریکا کرد و لە گفتوگۆکانیاندا ڕێگە بۆ ڕێککەوتنی دەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤیل خۆشکرا.
ناشڤیل پایتەختی ویلایەتی تێنیسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و بە پێی ئامارى ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەى دانیشتووانی ٦٨٩ هەزار و ٤٤٧ کەسە، شارێکی فرۆجۆرە و هاووڵاتییانی پەناهەندەى کوردی زۆر تێدا نیشتەجێیە. شارەکە لەڕووی ئابووری و گەشتیاری و تەندروستییەوە پێشکەوتووە و وا چاوەڕی دەکرێ لەگەڵ شارى هەولێردا سوودی هەمەجۆر بە یەکتر بگەیەنن.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری