Skip to the content

بەنداوی بەستۆرە بە توانای گلدانەوەی ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا باراناو نزیکە لە تەواو بوون

وەکوو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باکووری شاری هەولێر و لە شارەدێی بەستۆرە، بەنداوێک بۆ گلدانەوەی باراناو دروست دەکات.
پرۆژەی بەنداوی بەستۆرە لە لایەن کۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە هەلی کاری بۆ ١٥٠ کەس ڕەخساندووە و بە شەو و ڕۆژ کاری تێدا دەکرێت و بڕیار وایە لە نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت.

شێرکۆ محەممەد، سەرپەرشتیاری حکومی لە پڕۆژەکەدا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "حکومەتی هەرێم گرنگیی زۆری بە سەرچاوەکانی ئاو داوە، چونکە پەی بە مەترسیی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا بردووە، لێرە تەنیا بەنداو دروست ناکەین، بەڵکوو پەرە بە شارەزایی و سەرچاوەی مرۆییی ئەم بوارە دەدەین، بۆیە نەخشەسازی و پشکنین و سەرپەرشتی و بەڵێندەرایەتییەکەشی هەمووی خۆوڵاتینن."

ئەم بەنداوە لە جۆری خاکییە و بەرزییەکەی ٣٠ مەترە و پانییەکەی ١٨٠ مەترە، درێژییەکەشی دەگاتە ٦٣٠ مەتر و لە سەرەتای بارانبارینی ئەمساڵەوە باراناوی تێدا کۆ دەکرێتەوە.
بەنداوەکە دەتوانێت ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ بگرێت و ڕووبەری کۆکردنەوەی ئاوی باراناویشی دەگاتە ١٠٨ کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەراوکردنی هەندێک ناوچە دەبێت؛ هەروەها دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەرچاوەی گەشەکردنی بەرهەمی ماسی.

سەلام محەمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، لەمبارەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "ئومێد دەکەین ئەم پرۆژەیە لە ماوەی ساڵیک کەمتردا تەواو بکەین، لە کاتێکدا پێشووتر نزیکەی سێ ساڵ بۆ پرۆژەیەکی وا پێویست دەبوو، چونکە ئێمە سیستەم و ئامێری تازە بەکار دێنین؛ ٢٤ کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت و بە تەواوبوونی، خزمەتی باش بە گەشتیاری و سامانی ماسی و کشتوکاڵی و هەلی کار دەکات."

لە چوار ساڵی ڕابردوودا، کابینەی نۆیەم بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر سامانی ئاو، پلانی فرەلایەنی بۆ بەنداوسازی و پۆندسازی خستە گەڕ و دەیان بەنداو و پۆندی دروست کردووە و دەیانی دیکەش لە تەواوبووندان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری