Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتوچۆ دامەزرێنرا

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی وەزاریی ژمارە ٢٤٩٧٤ ی لە ٣ ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ی واژوو کرد، کە تایبەتە بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتوچۆ، لە پەیکەری ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی گشت بەشەکانی ئەندازەی هاتوچۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەو بەڕێوەبەرایەتییە و دیاریکردنی ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا عومەری بە بەڕێوەبەری ئەم بەڕێوەبەرایەتییە.
بە مەبەستی پیرۆزباییی لەم ئەرکە و دەستبەکاربوونی، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان پێشوازیی لە ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا کرد و پیرۆزباییی وەرگرتنی ئەو متمانەیەی لێ کرد؛ ئامانجی هێنانەکایەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بۆ ڕوون کردەوە کە بریتییە لە سەرپەرشتیکردنی هێڵکاری و بۆیاغی شەقامەکان و تەواوی بابەتەکانی ئەندازەی هاتوچۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پاڵپشتیی وەزیر و وەزارەتی ناوخۆی بۆ دەربڕی، بۆ گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەوتووی ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری