Skip to the content

حکومەتی هەرێم یەکێک لە پرۆژە گەورەکانی دابینکردنی ئاوی پاک لە ئاکرێ جێبەجێ دەکات

کابینەی نۆیەم بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەمئاوی لە چەندین ناوچەى هەرێمی کوردستان بەردەوامە. یەکێک لەو پرۆژانەش پرۆژەى ئاوی ئاکرێ ـیە، کە لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ١٠٩ ملیار دینارى بۆ تەرخان کراوە.

پرۆژەی ئاوی ئاکرێ یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژی و گەورەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان کە لەسەر زێی گەورە دروست دەکرێت و ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی ئاکرێ و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات و گرفتی کەمئاویی سنوورەکە بنبڕ دەکات.

کارکردن لە پرۆژەکە دەستی پێ کردووەتەوە؛ بە درێژاییی ١١٤ کیلۆمەتر بۆری ڕادەکێشرێت و بڕیارە لە ماوەی چواردە مانگدا تەواو بکرێت. پرۆژەکە بە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی، لە ڕۆژێکدا ٧٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنێت.

هاوار حەمەئەمین، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، لەوبارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە کابینەى نۆیەمدا، چەندین پرۆژەى ستراتیژی لەسەر ئاستی هەرێم جێبەجێ کراون، بەشێکیشیان پلانیان بۆ دانراوە جێبەجێ بکرێن؛ پرۆژەى ستراتیژیی ئاوی ئاکرێ، لە لایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەدواداچوونی بۆ کراوە و پاڵپشتیی بەردەوامبوونی پرۆژەکەى کردووە، تا ئاوی پاکژ بۆ خەڵکی دەڤەرى ئاکرێ و دەوروبەری دابین بکات."

خەرجیی ساڵانەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان ٥٥٢ ملیار دینارە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە ڕێگەی ٨١ پرۆژە و ٥،٧٨٧ بیر، دوو ملیۆن و ٧٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری