حکومەتی هەرێمی کوردستان: سەرباری هەموو پابەندییەکانی هەرێم حکومەتی عێراق بە ڕێککەوتنەکانەوە پابەند نەبوو
ڕۆژى ٤ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابووری، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەیان تێدا کرد و بەرپرسانی شاندی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و عێراق ئامادە بوون، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی گشتگیر لەبارەى پرسی بودجە و دواگۆڕانکارییەکانی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەڕێوە چوو.
ئامانج لە کۆنگرەکە ڕوونکردنەوەى دواپێشهاتەکانی دانوستان و ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ بوو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لەبارەى پرسی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان وەکوو مافێکی دەستووری و یاسایی.
لە سەرەتاى کۆنگرەکەدا، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لە یەکەم دانوستانییەوە، حکومەتی هەرێم لە ٣٠ ى ١ ى ٢٠٢٣، تاکوو ٣٠ ى ٨ ى ٢٠٢٣، هەوڵەکانی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام بووە. هەوڵیشی داوە حکومەتی عێراق بە ڕێککەوتنەکانەوە پابەند بێت. بەڵام دواجار حکومەتی عێراق تەنیا بڕیارى داوە ٥٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەى هاووڵاتییانی کوردستان بنێرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان پێویستیی بە ٩٤٠ ملیار دینارە بۆ مووچەى مووچەخۆران. بۆیە ئەم بڕەى بڕیارى لێ دراوە، بەشی مووچەخۆران ناکات. سەرەڕاى پابەندییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لەلایەن هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە ڕێککەوتنەکان پابەند نەبووە و بەشەبودجەى پەسندکراویش بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. ئێمە هەست بەوە دەکەین ئەمە سیاسەتی برسیکردن و فشارى برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە؛ دەستبردنە بۆ مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان؛ تێکەڵکردنی مافی هاووڵاتییانی کوردستانە لەگەڵ کێشە سیاسییەکاندا."
ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابووری، لەمبارەیەوە کورتەیەکی لەسەر ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو لادا باس کرد ڕایگەیاند: "هەوڵی حکومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەى کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کابینەیە دەستی پێ کردووە. بەڵام ڕێککەوتنەکان پێشێل کراون، پاش کۆبوونەوە دڕیژخایەنەکان، کێشەیەک دروست بووە، کە شایستە داراییەکان بەپێی مافی هەرێم نەنێردران، بەپێی تێچووی کردەییش (انفاق فعلی) مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن، بەو پێیە هەرێم لە ڕیزی عێراق حساب ناکەن و لە ڕیزی پارێزگاکانی عێراقیش بەدەر کراون، بۆ داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی کوردستان، لایان ئاساییە هەمووی ببەن، بەڵام لە شایستە داراییەکاندا حسابی هەرێمی کوردستان ناکەن. واتا لە تێچوونی کردەییش هی ئەو چەند مانگی پێشوو لە سنووری ٥ ترلیۆن دیناردایە، گەر بۆیان حساب بکردینایە، مانگانە سەرووی ٩٩٠ ملیار دینار دەبێت؛ بەڵام ئەوەش ناکەن و تێچووی سیادی و حاکیمەى لێ دەردەکەن و ئەوەى تر جارانی ١٢.٦٧ دەکەن و دەڵێن ئەوە حەقی ئێوەیە. لە کاتێکدا بەپێی یاساى بودجە دیاری کراوە، هەموو مانگێک تەنیا بۆ مووچە ٩٤٠ ملیارمان پێویستە، بەڵام بەو تێچوونە کردەییە بێت، مانگانە لە ٥٩٨ ملیار زیاترمان بۆ نایەت. ئێستا ئەوەى لە داهاتی نانەوتیدا هەمانە، ٣٢٠ ملیار دینارى داهاتی نانەوتیمان هەیە، ئەوە لەگەڵ ٥٠٠ ـەکە مووچە دابین ناکات. بۆیە سەرباری ویستمان بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان، ئێمە لەو پڕۆسەیە ڕازی نین".
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: " لە دوا کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار دراوە بۆ سێ مانگ ٥٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکەن، دیارە ئەو بڕەپارەیە نە بەو هاوکێشەیە حسابە کە وەزارەتی داراییی فیدڕاڵی لەسەر بودجەى کردەیی حسابی کردووە، نە ئەو ژمارانەشە کە لە لە ناو خشتەکانی هاوپێچی یاساى بودجەدا دەستنیشان کراوە، بەڵکوو ڕێوشوێنێکی کاتییە. لە دواکۆبوونەوەى وەفدی دانوستانکارى حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، پێشنیاری هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە پرسی مووچەخۆران و خانەنشینان و مووچەى پێشمەرگە لە تێچووی کردەیی دەربهێنرێت، چونکە دواى قەیرانەکانی عێراق، مووچەى مووچەخۆرانی عێراق هەر بەردەوام بووە. بۆیە داوامان ئەوە بووە هاوشێوەى پارێزگاکانی دیکەى عێراق، پێویستە ئەو ژمارانەى جێگیر کراون لە بودجە، بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێن، وە جیا بکرینەوە لە بودجەى وەبەرهێنان و بەگەڕخستن. ئەوەى لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە و دەبێ جێبەجێ بکرێ، ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بۆ مووچە دانراوە، ٩ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار بۆ قەرەبووی فەرمانبەران دانراوە، ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان دانراوە، لە چوارچێوەى مووچەى هێزەکانی وشکانیی وەزارەتیی بەرگرییش، ٢٢٨ ملیار دانراوە؛ گەر ئەوانە کۆ بکەینەوە، دەکاتە ١٠ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار، گەر دابەشی ١٢ مانگ بکرێت، لە ٩٠٠ ملیار زیاتر دەکات. بۆیە ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەتوانێت پرسی بودجە جیا بکاتەوە بەپێی یاسا بڕیارى لەبارەوە بدات. هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ خەرجکردنی بودجە و شایستە داراییەکانی."
هەر لە کۆنگرەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لەبارەى پرسی نەوتەوە گوتی: "لەبارەى نەوتەوە، لە ٢٠١٤ەوە عێراق ویستویەتی کێشە بۆ پڕۆسەى نەوتدەرهێنان لە هەرێمدا دروست بکات. ٢٥ ی ٣ ناردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە ڕاگیرا. ئەوەش واتا ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە زیانەکەى بەر عێراق کەوتووە، لە ٢٥ ى ٦ نەوتمان ڕادەستی پاڵاوتگەکانی نەوتی عێراق کردووە، ڕۆژانە ٨٥ هەزار بەرمیل نەوتمان داوەتە عێراق. بەڵام لەوساتەوە تا ئێستا یەک دینار بۆ ئەو بەرهەمە نەنێردراوەتە هەرێم.
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەى دوادۆخی پەیوەندیی هەرێم و عێراق گوتی: " دوو هۆکار ئەم دۆخەیان دروست کردووە، یەکەمیان یاساى بودجە بوو کە گەورەترین زەبر بوو لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم، چونکە بۆ تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان نووسراوەتەوە. چونکە پڕە لە گرفت و کێشە کە دەبنە بەربەست بۆ ناردنی مافە داراییەکانی هەرێم. هۆکارى دووەم تێگەیشتنی وەزارەتی داراییی عێراقە بۆ خودی یاساکە، کە زۆر لە خراپیی یاساکە خراپترە. لەگەڵ خراپیی یاساکەشدا، مافى هەرێمە ١٦ ترلیۆن دیناری بۆ بنێردرێ، بەڵام تێگەیشتنە خراپەکەى وەزارەتی دارایی بۆ یاساکە ٨ ترلیۆن دینارە، ئەمەش لەگەڵ پێداویستی و خواستی هەرێم یەک ناگرێتەوە. بە کورتی وەکوو پارێزگایەک و توندتریش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام لەڕووی مافەوە، کەمتر لە پارێزگایەک بۆ هەرێم بە ڕەوا دەبینێت، ئەمەش لای ئێمە ڕەت کراوەتەوە."
دواى ڕێککەوتن و دانوستانە بەردەوامەکانی کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر پرسەکانی نەوت و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە یاسای بودجە و دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان بەرانبەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندی و ڕێککەوتنەکانی بە نیازپاکییەوە بەرانبەر بە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ جێبەجێ کردووە.
فەرمانگەى میدیا و زانیاری