Skip to the content

کێشەى کەمئاوی لە هەولێر چارەسەر دەکرێت

لە هەندێک ناوچەى شارى هەولێر، خواست لەسەر ئاو زیادی کردووە و ئەوەش بووەتە هۆى گرفتی کەمئاوی، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا.
لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێم پلانی هەیە کێشەکانی کەمئاوی لە هەولێردا چارەسەر بکات.

لەوبارەیەوە ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "دواى سەردانی پارێزگاری هەولێر و جێگری پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بۆ سعودییە، لەگەڵ سندوقی گەشەپێدانی سعودی و وەزارەتی وەبەرهێنانی سعودی کۆبوونەوە و باسی پرس و پڕۆژەی ئاو کرا."

ئارى ئەحمەد گوتیشی: "لەم ڕووەوە پلان هەیە کێشەى کەمئاوی لە ڕێگەى پرۆژەیەکەوە لە ناوچەى کەسنەزان چارەسەر بکرێت. ئامانجمان ئەوەیە کێشەى کەمئاوی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی شارى هەولێر چارەسەر بکەین، بۆیە پلانمان هەیە ئیفرازی دوو و سێ فراوان بکرێت، یان پرۆژەى ئیفرازی چوار دروست بکرێت."

ساڵانە بە هۆى فراوانبوونی شارى هەولێر و نیشتەجێبوونی زیاتر، خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکات و ئەوەش پێویستیی بە پلانی نوێیە، تاکوو کێشەکانی کەمئاوی لە چەند ناوچەیەکی هەولێر چارەسەر بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێم پلانەکانی خستووەتە کار.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری