Skip to the content

بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار 83 قوتابخانە لە بەردەڕەش دروست کراون و نوێ كراونەتەوە

لە سنووری پەروەردەی بەردەڕەش، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، 13 قوتابخانەی نوێ دروست كراون و 70 قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە.

مەهدی خەلیل ئەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "بە گوژمەی ٨ ملیار دینار، ١٣ قوتابخانەی نوێ دروست کراون و بە گوژمەی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناریش ٧٠ قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و پۆلیان بۆ زیاد کراوە، کە بە کۆی گشتی دەکاتە ١٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار".

مامۆستایەکی سنووری پەروەردەی بەردەڕەش لەم بارەیەوە دەڵێت: "زۆر دڵخۆشین بە دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە بۆ قوتابییەکانمان؛ سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین؛ مامۆستا و قوتابییەکان زۆر دڵخۆشن بە دروستکردنی ئەم قوتابخانە نوێیە".

قوتابییەک لەم بارەیەوە دەڵیت: "دڵخۆشین بە هاتنمان بۆ ئەم قوتابخانە نوێیە. پێشتر لە قوتابخانەیەکی کۆندا بووین؛ لە کاتی بارانبارین دڵۆپەی دەکرد و مەترسیی ڕووخانی هەبوو. سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکەین بۆ دروستکردنی ئەم قوتابخانە نوێیە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو دابینکردنی کەشێکی لەبار بۆ پرۆسەی فێرکردن و پەروەردە، ٣ دەوامی لە قوتابخانەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە. لە دروستکردن و بونیادنانی باڵەخانەی نوێی قوتابخانەکانیش بەردەوام دەبێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری