Skip to the content

حكومەت بازاڕی لەنگەی هەولێر نۆژەن دەكاتەوە

دوای ئەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە 8 ی 4 ی 2024 ئاگری گرت و چەندین دوكان زیانیان بەركەوت، لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە.
جێگری پارێزگاری هەولێر، ئەندازیار مەسعود محەممەد كاڕەش، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:"لە دوای سووتانی یەكەمی بازاڕی لەنگەی هەولێر لە 27 ی 2 ی 2024، دەستوبرد پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگیی دامودەزگاكانی دیكە كەوتە نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە و تا ئێستا 95%ی سیستەمی كارەبا و ئاو و بنمیچی بازاڕەكە چاك كراونەتەوە".
گوتیشی: "لە دوای گڕگرتنی دووەمی بازاڕی لەنگە لە 8 ی 4 ی 2024، پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە دەستی پێ كردووەتەوە و بە زووترین كات بازاڕەكە لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە و بۆ كاركردنی كاسبكاران ئاسایی دەكرێتەوە".
لە 8 ی 4 ی 2024، ئاگرێك لە بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتەوە و هێزەكانی بەرگریی شارستانی بە ماوەیەكی كەم جڵەوی ئاگرەكەیان كرد؛ دوای ڕووداوەكە پارێزگای هەولێر و قایمقامییەتی هەولێر دەستیان بە نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە كردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری