Skip to the content

حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی 8 سەنتەرەوە چارەسەری تووشبووانی ئۆتیزم دەکات

سەنتەری ئۆتیزمی هەڵەبجە لە ساڵی 2023 بۆ چارەسەری توشبووانی ئۆتیزم کراوەتەوە،
لەو سەنتەرە منداڵان بێبەرامبەر لەلایەن مامۆستا و ڕاهێنەرانی سەنتەرەکە چارەسەر وەردەگرن.

ڕێبوار کەمال، هاووڵاتییە و خاوەن منداڵێکی نەخۆشی ئۆتیزمە، گوتی: "هەفتەی دوو ڕۆژ منداڵەکەم دێنم بۆ ئەم سەنتەرە و سوودێکی زۆری بینیوە، هیودارم زیاتر پەرە بەم سەنتەرانە بدرێت، دەستخۆشی لە مامۆستاکانییان دەکەین کە زۆر ماندوون لەگەڵ منداڵەکان".

لەو سەنتەرەدا چارەسەرەکانی (ڕاهێنانی تاک و بەکۆمەڵ، ڕاهێنانی هەستەکان و چارەسەری سروشتی) بە توشبووانی ئۆتیزم دەدرێت و لە ئێستادا نزیکەی ٤٠ منداڵ لە ژێر چارەسەردان.

بوشرا حەیدەر، مامۆستای ڕاهێنەرە لە سەنتەری ئۆتیزمی هەڵەبجە، ڕایگەیاند: "بەشی چارەسەرەکانی (ڕاهێنانی تاک و بەکۆمەڵ، ڕاهێنانی هەستەکان و چارەسەری سروشتی) لێرە هەن، ئەو منداڵانەی کە دێن بۆ ئەم سەنتەرە، سەرەتا لە بەشی ڕاهێنانی تاکی ڕاهێنانیان پێ دەکرێت، دواتر دەبردرێن بۆ بەشی ڕاهێنانی بەکۆمەڵ، دواتر بۆ ژووری هەستەکان و یاریی ئازاد. هەروەها لە بەشی چارەسەری سروشتی، ڕاهێنان بەو منداڵانە دەکرێت کە کێشەی جووڵە و ڕۆیشتنیان هەیە. لەم سەنتەرە ٣ ئاستی ئۆتیزممان هەن، ئەوانیش ئاستی ئۆتیزمی (ئاسایی، ناوەند، توند)، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم منداڵانە پێویستی بە نەرمونیانی و ئارامگرتنی زۆر هەیە.
 
لەگەڵ زیادبوونی توشبووانی ئۆتیزم، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە، گرنگییەکی تایبەت بە سەنتەرەکانی ئۆتیزم دەدات.
 
ئاوارە نەورۆز، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی هەڵەبجە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: ئەم سەنتەرە سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییە-بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەڵەبجەیە. لە ساڵی ٢٠٢٣ کراوەتەوە و بێبەرامبەر بۆ منداڵانی ئۆتیزم کار دەکات.
پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکان دابین دەکات. هەروەها چارەسەری سروشتی بۆ منداڵەکان دەکرێت. ستافی ئەم سەنتەرە بەردەوام ماندوونەناسانە بۆ منداڵەکان کار دەکەن. بیناکە توانای لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری منداڵانی ئۆتیزمی هەیە بەڵام بە هۆی کەمیی ژمارەی کارمەندەکانەوە، وەرگرتنی منداڵانمان سنووردار کردووە. هەروەها نەبوونی بڕەپارەیەکی تایبەت و پێویست بۆ پڕکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکان. بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە سەنتەرەکە زۆربەی کات کێشەمان بۆ دروست دەبێت، چونکە هەندێک جار حاڵەتی لەناکاومان هەن. لەو کاتەی کە ئەم سەنتەرە دانراوە، ژمارەی منداڵەکان گەیشتۆتە ٣٥ منداڵ".

هەرێمی کوردستان خاوەنی ٨ سەنتەری حکومیی چارەسەری ئۆتیزمە و لە کابینەی نۆیەمدا ٥ سەنتەری نوێ کراونەتەوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە هەریەک لە ئاکرێ و کفری سەنتەری نوێ دەکرێنەوە.
 
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری