Skip to the content

سیستەمی گەڕاوەی نیشتمانی هاوكاریی هاووڵاتییانی گەڕاوەی دەرەوەی وڵات دەكات

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیستەمی گەڕاوەی نیشتمانی (NRM)، بۆ پشتیوانیكردنی هاووڵاتییانی گەڕاوەی دەرەوەی وڵات؛ پاڵپشتیی دارایی و مەعنەویی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە.
ژیان جەلال، هاووڵاتییەکی گەڕاوەیە و لەم بارەیەوە دەڵێت: "لە 2016 بۆ دەرەوەی وڵات ڕۆیشتم، لە کەمپێک بووین لە ئەڵمانیا، ژیانمان زۆر ناخۆش بوو و ئاسوودە نەبووین، بۆیە گەڕاینەوە؛ لێرە کرێی خانووی 7 مانگیان بۆ داین و کەلوپەلی ناوماڵیان بۆ کڕین".
هاوڵاتییانی گەڕاوە، هاوکاریی مرۆیی، ئیداری، دۆزینەوەی کار، خولی ڕاهێنان و پێدانی قەرزی بچوک، بە هاوکاریی فەرمانگە حکومی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان وەردەگرن.
ناز جەلال، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "سیستەمی گەڕاوەی نیشتمانی(NRM) لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتیی ئەورووپا و ڕێکخراوی ION ی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ دانراوە. سیستەمەکە وەکوو چەترێکە کە هەموو لایەنە خزمەتگوزارییەکانی لەخۆ گرتووە؛ بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، بۆ هاوکاریکردنیان و تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە".
محەممەد چالاک، بەرپرسی هۆبەی سیستەمەكەیە و دەڵێت: "بە زووترین كات بەپێی پێداویستیی گەڕاوەكان، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی ئەو شوێنانەیان دەکەین کە پێویستییان پێیە و هاوكاریی جۆراوجۆریان پێشكەش دەكەین".
حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی هاووڵاتییانی گەڕاوە دەکات، تا دووبارە تێکەڵ بە کۆمەڵ ببنەوە؛ لە ناوەڕاستی ساڵی پارەوە 198هاووڵاتیی گەڕاوە لەو خزمەتگوزارییانە سوودمەند بوونە و لە ماوەیەکی نزیکدا لە پارێزگای دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکان هەمان سیستەم پەیڕەو دەکرێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری