Skip to the content

سێ بڕیاری گرنگ بۆ گەشەپێدانی كەرتی وەبەرهێنانی پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێن

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئاسانكارییە جیاجیاكانەوە، گەشە بە كەرتی وەبەرهێنانی پارێزگای هەڵەبجە دەدات و بۆ ئەو ئامانجەش چەندین ڕێكاری گرتووەتە بەر.

زانیار حەمەنووری، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: " حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سێ خاڵدا هاوكاری و پشتیوانیی كەرتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە دەكات، یەكێكیان بریتییە لە لێخۆشبوون لە سەرجەم ئەو باج و ڕسوماتانەی لە وەبەرهێنەر وەردەگیران، هەر لە سەرەتای پرۆژەكەیەوە تاكوو پێدانی مۆڵەت و كۆتایی پرۆژەكە".
دووەم بڕیار، هێنانەخوارەوەی میچی دارایی (سەقفی مالی)ی پرۆژەكانی وەبەرهێنانە كە پێشتر لە سەرووی ملیۆنێك دۆلارەوە بوو، ئێستا دابەزێنراوە بۆ نیو ملیۆن دۆلار".
گوتیشی: "لە بڕیاری سێیەمدا ئاماژە بەو دراوە، بە هەماهەنگیی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەماهەنگی دەكرێت بۆ دروستكردنی نەخشەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی تایبەت بەو پرۆژە كشتوكاڵییانەی جێبەجێ دەكرێن، وە دابینكردنی زەوییە ڕەقەڵەكان بۆ سێكتەرەكانی ناكشتوكاڵییەكان".

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاندانی وەبەرهێنان و بەهێزكردنی جووڵەی ئابووریی پارێزگای هەڵەبجە ئەم هەنگاوانەی گرتووەتە بەر و چاوەڕوان دەكرێت پرۆژەكانی وەبەرهێنەران لە پارێزگاكەدا زیاد بكەن و سەرمایەدارن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان زیاتر هان بدرێن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری